فەلەستين و جەنگى فەتح و حەماس

فاتح بهرامی

 

ڕوداوەكانى دوو هەفتەى ڕابردوو ئەوزاعى فەلەستينى خستە ناو دەورەيەكي تازەوە. دواى چەند مانگ لە ڕووبەڕوو بوونەوەو كيشمە كێشى نيوان فەتح و حەماس، سەرنجام حەماس بنكەكانى دەسەڵاتى فەتحى لە كەنارى غەزە داگير كرد و خستيە ژێر كۆنترۆلى خۆيەوە و بەتەواوى دەستى گرت بەسەر كەنارى غەزەدا. مەحمود عباسيش هەڵوەشانەوى كابينەى ئيسماعيل هەنيەى ڕاگەياندو و سەلام فيازى بەرپرس كرد لە دامەزراندنى كابينەيەكيى تر. بەم شێوەيە تەمەني سێ ساڵەى دەوڵەتى هاوپەيمانى گەيشتە كوتايى خۆى، ئيستا بە عەمەلى لە هەريەك لە غەزە و  كەنارى باشور دا حكومەتەكانى حەماس و فەتح دەسەلاتدارن. ئەم شەرايتە بارودۆخى فەلەستين ئالۆزتر و ژيانى بێ سەرەو بەرەى خەلكى فەلەستين تا دێ ناديارتر دەكات.

 

كێشەي فەلستين و دەورى بزووتنەوە ڕاستە توندڕەوەكان

خالى بناغەيى لە چارەسەركردنى كێشەى فەلستيندا دامەزراندنى دەولەتى سەربەخۆى فەلەستينە. ئەم دەولەتە ئێستا بووني نيەو دامەزراندنى ئەم دەولەتە پەيوەستە بە بەدەرچوونى ئسرائيل لە ناوچە داگير كراوەكان و بەرەسميەت ناسيني دەولەتي فەلەستينەوە. بەمانايەكى تر دامەزراندنى دەولەتى سەربەخۆى فەلەستين پێويستى بە رێكەوتنى نێوان ئيسرائيل و هيزەكانى فەلەستينە. بەڵام تا ئێستا هەرچى بەند و بەستێك و قەول و قەراريك لەپرۆسەى دانوستانەكانى ئاشتيخوازانە هەبووە ئسرائيل تێكى داوە. لە واقعدا ئەوەندەى بە ئيسرائيل دەگەرێتەوە،پێش شەرت و ئيمكانبوونى ئاشتى نێوان ئيسرائيل و فەلەستين و دامەزراندنى دەوڵەتى فەلەستين، خستنە كەنارەوەى بزووتنەوە قەومپەرست و دينيە ڕاستڕەوەكانە لە خودى ئيسرائيلدا.

لەلايەكى ترەوە،لە فەلستيندا ئيسلامى سياسى و لە سەرووى هەموويانەوە حەماس رێگرە لەبەردەم چارەسەرى كێشەى فەلەستين دا واتە دامەزراندنى دەوڵەتى سەربەخۆى فەلەستين لە رێگاى دانوستان و ئاشتيەوە. حەماس نايەوێ كێشەى فەلەستين چارەسەر ببێ و هيچ رێگا چارەيەكيشى بۆ نيە، دەليلەكەشى زۆر بە ڕۆشنى بەڕەسميەت نەناسينى ئيسرائيل و قايل نەبوونيەتى بە دانوستان و ئاشتى. حەماس ئەيەوێ كۆمەلگەيەكى ئيسلامى دابمەزرێنێ بەبێ بوونى ئيسرائيل.

بەم پێ يە، لەسەر كێشەى فەلەستين، دەورى بزووتنەوە دينيە ڕاستە توندڕ’وەكان لە هەردوو لادا رێگريە لەبەردەم چارەسەرى كێشەكە و هەميشە بارودۆخى جەنگى ودوشمنى و بڵاو كردنەوەى نەفرەتى دينى زيندوو ڕادەگرن و لە بارودۆخى ڕێكەوتن ودانوستان دا لەسەر ئاشتى دەورى برێك دەبينن  بۆ زيندوو ڕاگرتنى ئەو بارودۆخە. لەلايەكى ترەوەن ئەم بزووتنەوە ڕاستڕەوانە خزمەت بەيەكتر دەكەن و هەريەكەيان لە بوون و چالاكى ئەوى تردا فرسەتى ئەوەيان دەست دەكەوێ تا لە بەرەى خۆياندا هێز بگرن و بەهيز ببن. زۆر جار ئێمە شايەدى ئەمە حاڵەتە بووين.ڕاست لە ئيسرايل دواى ڕێكەوتنى ئاشتى ئۆسلۆ لە سالى 93دا، لە رێڴاى تێكدانى رێكەوتنەكان و بڕيارەكان و هەتا خستنە ژێر پێەوەى بريارەكانى نەتەوە يەكڴرتووەكان بووە رێڴر لەبەرەو پێشەوە چوونى پرۆسەى ئاشتى و دانووستان و سەرنجام بەشێوەيەكى عەمەلى فەتح كە لايەنى دانووستان بوو بێ ئيعتبار و بێ ماهيەت كرد. هەر ئەم بابەتەخۆێ، لە كەنارى فاكتۆرە جيهانى و ناوچەيەكاندا، فاكتەرێكى گرنگ بوو بۆ بەهێزكردنى حەماس تا دهۆلى بێ ماهيەتى ئاشتى و دانوستان و زەرورەتى جەنگ لە دژى ئيسرائيل بكوتێت. هەر جارەى كە دەوڵەتى ئيسرائيل پرۆسەى دانوستانى ئاشتى تێكدابێ و دەستى دابێتە سەركوتى خەلكى فەلەستين بزووتنەوى ئيسلاميش بەهێز بووەو سەرباز گيرى كردووە.بۆ لايەنى بەرامبەريش هەر وا بووە. چالاكيەكانى حەماس و موشەك هاويشتنەكانى و چالاكيە سەربازيەكانى دژى خەڵكى ئيسرائيل هەميشە بەهانەى تاوانەكان و دڕندەيەتى دەولەتى ئيسرائيل دژى خەڵكى فەلەستين و هەروەها خستنە ژێر پێوەى هەر قەرار و مەدارێك بووە. هەمان كارێك كە لەم دوايەدا حەماس ئەنجامى دا لە غەزە گەورەترين خزمەتى بە دەوڵەتى ئيسرائيل و بەتايبەت بزووتنەوە ڕاستڕەوەكان پێشكەش كرد.

 

جياوازيەكانى حەماس و فەتح و كێشەى فەلەستين

جياوازي پايەيى نێوان حەماس و فەتح بە وێنەى دوو هێز لە فەلەستين و لە بەرامبەر ئيسرائيلدا، لە بناغەدا جياوازى نێوان دوو بزووتنەوەو دوو ئيستراتيژى جياوازە. فەتح بە وێنەى هێزى سەرەكى و گرنگ لە رێكخراوى ئازاديخوازى فەلستين دا سەر بە ناسێوناليزمى عەرەبەو ئيستراتيجى ئەو دامەزراندنى دەوڵەتى فەلستينە لە كەنارى دەولەتى ئيسرائيل دا. ناسێوناليزمى عەرەب لەسەر دەمى ساداتەوە كە بە رێكەوتنى كامپ ديڤيد و بەرەسميەت ناسينى ئيسرائيل دەستى پێكرد، لە رێكەوتنى ئاشتى ئۆسلۆوە هەموويان ئيسرائيليان بە رەسمى ناسى. ناسێوناليزمى عەرەب بە گشتى، ڕەوتە فەلەستينيەكەى بەتايبەتى، ئەگەر چى نەيتوانى تەحقيرى مێژووى و برينى جەنگى شەش ڕۆژە قەرەبوو بكاتەوە و فەلستين بكاتە يەك دەوڵەت، بەڵام لەم بڕگەيە بەدواوە ئيتر كێشەى فەلستينيان بە بوونى ئيسرائيلەوە ڴرێنەدايەوە.

 ئەگەرچى حەماس يەكێكە لە هێزە فەلەستينيەكان بەڵام ئەم ڕەوەندە پەيوەستە بە بەرەى ئيسلامى سياسيەوە و ئيسرائيل بە ڕەسمى ناناسێ بۆيە لە سەر فەلەستين نەك تەنها وەك فەتح بە دواى تەرحى دوو دەولەتەوە نيە بەڵكو داواكارى لەناوچوونى ئيسرائيل و دامەزراندنى حكومەتێكى ئيسلاميە. بەم پێ يە ئەگەر لە يارى و مانۆرە دبلۆماسيەكان بڴەڕێين، حەماس و فەتح دوو ئيستراتجى جياواز و لە واقع دا ناكۆكيان هەيە لە سەر كێشەى فەلەستين هەر ئەمە بناغەى جياوازيان لە بەرامبەر كێشەى فەلەستين ڕۆشن دەكاتەوە. ئەمە بەسادەيى ئەوە پێشان دەدات هەر بەرەو پێش چوونێك لەلايەن فەتح و رێكخراوى ئازاديخوازى فەلەستينەوە بەرەو ئاشتى لە گەل ئيسرائيل بە دژى بەرژەوەندى و ئامانجەكانى حەماس و بزووتنەوەى ئيسلامى سياسى تەواو دەبێت، وە بەپێچەوانەوە شكست و بێ توانايى فەتح  ڕوو بە ئامانجەكانى، خزمەت بە حەماس و ڕاستڕەوى دينى و قەومپەرست لە ئيسرائيل دەكات و زەمينەى بۆ خۆش دەكات. ئەمە بەو مانايەيە ئەم دوو ڕەوەندە بەبێ سێ و دوو ناكۆكى بەرژەوەنديان هەيە بۆيە بە جودا لە تاكتيك و مانۆرە سياسيەكانيان ناتوانن بە بەشێوەيەكى ئستراتيژيك لە پال يەكدا ببن و بۆ بەدەست هێنانى دەوڵەتى فەلەستين لەكەنار دەوڵەتى ئيسرائيلدا تێبكۆشن و خەبات بكەن. بەتايبەت لە بارودۆخێكدا كە قەرارە مەسەلەى ئاشتى لە نێوان ئيسرائيل و فەتح بە سەرنجام بگات بۆێە دەبێ حەماس بە جۆرێك مەسەلەى خۆى لەگەل فەتح يەكاڵا بكاتەوە. بۆ ڕوون كردنەوەى ڕوو بەڕوو بوونەوەكاني ئەم دوايە لە غەزە، ئەگەرچى هيچ ئاشتيەك لە ئارادا نيە، لە راستيدا ئەتوانرێ لە هەمان چوارچيوەدا ڕۆشنبركێتەوە، واتە بنچينەى ئەم پێكدادانانەى ئەم دووە جياوازى دوو بزووتنەوەو دوو ئيستراتيجيە كە بە قۆناغێكى حەساس گەيشتووە.

جياوازى ناسێوناليزمى عەرەب و ئيسلامى سياسى تەنها لەسەر كێشەى فەلەستين نيە. ئەوە ڕاستە كە فەلستين شۆينێكە كە لەسەر ئەمە نە تەنها ئەم دوو بزووتنەوەيە بەڵكو قوتبى تيرۆريزمى دەولەتيش لە گەل ئيسلامى سياسيدا لە پێكداداندان. سەر بارى فەلەستين، ئيسلامى سياسى داواكارى سەهمى خۆيەتى لەدەسلاتى بۆرژوازيدا. لە واقعدا ئەم ڕەوەندە لە رۆژهەلاتى ناوەڕاستدا بەشێكە لە بۆرژوازى عەرەب بۆ بەدەست هێنانى سەهمى خۆى ئاڵاى ئيسلامى بەدەستەوە ڴرتووە. بەم پێ يە ناسێونالزمى عەرەب و ئيسلامى سياسى دوو ڕەوەندى بورژوازى دژى بە يەكن كە ڕەتى ئيسلامى بە سود وەرگرتن لە تاوانەكانى ئەمەريكاو ئيسرائيل لە ناوچەكەدا و بەپشتيوانى ئێران و سوريا توانويەتى بەيەكێك لە هێزە بەرچاوەكان بژمێررێت.

 

لە كۆتايدا سەبارەت بە سەرنجامى ئەم جياوازييەى فەتح و حەماس لە كێشەى فەلستيندا پێويستە لەسەر هەمان خاڵ پاداگرى بكەين كە لەسەروو تر دا دەربارەى " دەورى ڕەوندەكانى ڕاستى توندڕەو" قامكمان خستبووە سەر. واتە يەكەم پێش مەرج بۆ ئەوەى ئەگەرى ئاشتى  لە نێوان ئيسرائيل و فەلەستين و دامەزراندنى دەوڵەتى فەلەستين ممكن بكات، گۆشەگير كردنى هەردوو ڕەوەندى قەومپەرست و راستى دينيە لەهەردوو لادا.ئەمە بەو مانايەيە هەريەك لەلايەنگرانى ئاشتي لە هەردوولادا پێويستە بتوانن و ئامادە بن ڕەوتە دينيەكان و ڕاستڕەوەكان لە بەرەى خۆياندا بخەنە كەنارەوەو بە جۆرێك نەتوانن رێگرى لەبەردەم پرۆسەى ئاشتيدا دروست بكەن. لە ئێستادا كێشەكە ئەوەيە لە هيچ لايەكياندا ڕوو بەڕووى هێزو ئيمكاناتى لەو چەشنە نين. سەربارى ئەمەش، پێويستە لەوە تەئكيد بكەين كە ئەم كەنارەگيرى كردنە، ماناى سەربازى و پەنابردنى بۆ چەكى لێنابێتەوە، بەڵكو لە ڕووى سياسيەوە پێويستە بەدى بێت. بەو مانايە حەماس و فەتحيش ناتوانن بەرێگاى سەربازى يەكتر لەناوبەرن.لەڕووي سياسيشەوە تا ئيستا فەتح ڕوو لە پاش بووە، ڕەوتێك كە سەرتاپا باڵاى گەندەڵى پولى و ئيدارى بووەو ئيعتمادى خەڵكى غەزەى لە دەست داوە لە هەڵبژاردنەكانى كانونى دوومى 2006 دا لەبەرامبەر ڕەوتى تيرۆرستى حەماس دا دۆڕا.

 

 پشتيوانى غەرب و ئيسرائيل لە فەتح

پشتيوانى ئيسرائيل و ئەمەريكا و گشت دەوڵەتە غەربيەكان لە هەڵوەشانەوەى كابينەكەى حەماس لەلايەن مەحمود عەباسەوە هيچ پەيوەنديەكى نيە لە هەنگاو هەڵهێنانەوەيەكى جدى لە چارەسەر كردنى كێشەى فەلەستيندا. ئەمە پێويستە زياتر لە چوارچێوەى كێشمەكێشى نێوان دوو بلوكى تيرۆرستى و ئەو كێشانەى لێرەوە سەرچاوەيان گرتووە ڕۆشن بكرێتەوە. چەند فاكتەرێك كە بريتين لە: شكست خواردنى سياسەتى ئەمەريكاو نيوكونسەرڤەتڤ لە عێراق و بەدەسەڵات گەيشتنى ئيسلامى سياسى، ئەمە ئەمەريكا ناچار دەكات لە بەرامبەر ناسێوناليزمى عەرەب ڕوو وەرچەرخێتێ بەرەو كێشەى فەلەستين. ئەمە واى كرد هەتا تۆنى بلێر لە دواى شكستى جمهورى خوازانى ئەمەريكا بڵێ رێگاى دەرچوون لە بنبەستى عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەراست بە كێشەى فەلستينەوە گرێى خواردووە.سەرەك وەزيرانى ئيسرائيل ئيهود ئۆلمەرت نزيكەى مانگێك لەمەوە پێش بۆ قەرەبوو كردنەوەى جەنگى لبنان و سەركەوتنى حزب الله بەدواى بڵاو بوونەوەى ڕاپۆرتى ڕەخنەگرانەكەى وينگەرد دا، بەڕووكەشى لە سەر كێشەى فەلەستين بدوێت. ئەو داوا ى لە پاشاى ئەردەن مەليك عبدالله كرد كە يەكێكە لە ئەو 22 رابەرەى دەوڵەتانى  جامعەى عەرەبى كە لەدەورى يەك كۆ ببنەوە و سەبارەت بە " تەرحى ئاشتى عەرەبى" بە بێ هيچ قەيد و بەندێك لەگەل ئيسرائيل گفتو گۆ بكەن. ئەمە لەكاتێكدا بوو كە پێكدادانەكانى نێوان فەتح و حەماس بوونى "دەوڵەتى يەكپارچەى نيشتمانى" خستبووە ژێر پرسيارەوە.بە گشتى شكستى ئەمەريكا و هاوپەيمانانى لە بەرامبەر ئيسلامى سياسى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ئەبێتە هۆى ڕوو هێنانى ئەمەريكا بەرەو ناسێوناڵزمى عەرەب بە وێنەى هێزێكى ناوچەيى و تا ڕادەيەك يەكگرتوو وە هەر لەم راستايەدايە كە قسەو باس لەسەر كێشەى فەلەستين لانى كەم لەئاستى ڕاگەياندندا دەرگاى لەسەر ئاواڵە دەبێت.لەم چواچێوەدايە كە دەتوانرێت پشتيوانى غەرب و ئيسرائيل لە فەتح ڕۆشن بكرێتەوە كە بەدەورى خۆى زەربەيەكە لە حەماس.

ئەم پشتيوانيەى غەرب لە فەتح و فشار هێنان بۆ حەماس، ئيحتمالى زۆرە بە دواى خۆيدا ئابلوقەى ئابورى بە دژى خەڵكى غەزەدا بهێنێ و برسى و تەفرو تونايان بكات. سياسەتى ئابلۆقەى ئابورى سياسەتێكى دژى ئينسانى و تاوانكارانەيە وپێويست بە ڕووبەڕوو بوونەوەو  هەڵخراندنى جيهان دەكات لە بەرامبەريدا. حەماس لە كورتماوەدا لەم جۆرە سياسەتە بە زۆرى سوود مەند دەبێت وەك ڕوونە لە بەدبەختى و چارەڕەشى و دەردەسەرى خەڵكى فەلەستين هێز وەردەگرێت. پاڵ پێوە نانى حەماس بۆ مەوقعيەتى ئۆپۆزسيون بەگشتى سياسەت و ئامانجەكانى هاوئاهەنگتر دەكات. يەكاڵا بوونەوەى دەسەڵات لە غەزە تاسەر بەردەوام نابێت و فەتح بێدەنگ نابێت هەمان ئەگەرى چوونەناو حەنگێكى ناوخۆى  درێژخايەن زياتر دەكات.

ئەوە قسەى ناوێ كە گرنگترين هەنگاوێك بۆ چارەسەرى كێشەى فەلەستين بەتەواوى لە گرەوى فشارهێنان بۆ  ئيسرائيل تا لە خاكى داگير كراو بچێتە دەرەوەو دەوڵەتى سەربەخۆ و يەكسانى فەلەستينى بە ڕەسميەت بناسێ. كێشەى ئاوارەكان و گەڕانەوەيان دەبێت چارەسەر ببێت  و رێگرى لەبەرەم گەڕانەوەيان وەلا بنرێت.لە ئەمڕۆدا دوو هێزى ئامادەبەكار لە هەردوو لادا كە بيەوێ پرۆسەى ئاشتى بەسەرنجام بگەينى ڕەوتە ڕاسڕەوەكان وەلا بنێت لەئارادا نى يە. لەم ڕووەوە كێشەكە بەتەواوى بەستراوەتەوە بە هەڵخراندنى بزووتنەوەيەكى فراوانى ئازاديخوازانە لە ئاستى جيهان و ئوردوگاى سێهەمەوە تا ئەمريكا و ئيسرائيل لە ژێر فشاردا ناچار بە قبوڵ كردنى چارەسەرى كێشەى فەلستين بكات و لە هەمان كاتدا كۆمەك بكات بە ئارايشدانى ڕەوتى چەپ و ئازاديخواز لە ئيسرائيل و فەلەستين كە پێويستە پێشەنگى ئەم بزووتنەوەيە بێت، شكڵ پێبدات. چەپ و سۆشياليزم لە هەردوو لادا وە لەئاستى كۆمەڵايەتيدا باڵادەستى پەيدا بكات و هێز هەڵخڕێنى تا  ئيمكانى رزگارى كرێكاران و خەڵكى زوڵم لێكراوى فەلستين و ئيسرائيل بكاتە ئەمرى واقع.

--------

ئەم ووتارە لە ئينترناسێوناڵ ژمارە 198 وەرگيراوە،و لەلايەن سمير نوريەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانى كوردى