دەوڵەتی فاشستی تورکیا جارێکی تر دەستی بە خوێنی هاوڵاتیان کوردستان سوور بوو!!
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە تورکیا و بۆردوومانی دوو گوند لە بناری قەندیل کرد، چوار
کەس گیانیان لەدەستداوە کە هەموویان لە یەک خێزانن. گوندەکانی بڕەدێ و عاشقووڵکە
بۆردوومانکراون و بەهۆیەوە چوارکەسی یەک خێزان گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسی
دیکەش بریندارن. بەگوتەی شایەتحاڵەکان عەبدوڵڵا ئاڵی مینە لەگەڵ سێ منداڵی گیانیان
لەدەستداوە و سێ منداڵی دیکەی لەگەڵ هاوژینەکەی و بووکێکی بریندارن.
دەوڵەتی فاشستی تورکیا ناوچەیەکی
فراوانی لە کوردستانی عێراقی کردوەتە شوێنی داگیرکاری و مانوری سەربازی و
بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکو چۆڵێک لە بەرامبەر خەڵکی کوردستاندا. دەسەڵاتدارانی
هەرێم خوێنساردانە پاساو بۆ بۆردموانەکانی تورکیا دەدۆزنەوە و پاساوی دەدەن وەک
ئەوەی هیچ بەرپرسیارێتیەکیان لەسەر نەبێ لەبەرامبەر ژیانی هاوڵاتیانی کوردستاندا.
منداڵانی کوردستان بەشی شێریان بەردەکەوێت لە تاوانکاریەکانی بوردومانەکانی تورکیا
و ئێراندا، سێ منداڵ کوژراون و سیانی تریش بریندار بوون تەنها لەم بوردومانەدا،
ناسێوناڵیزمی کورد و بە تایبەتی پارتی و یەکێتی ژیانی خەڵکیان کردوەتە قوربانی
بەرژەوەندیە مادیەکانی خۆیان لەگەڵ ئەم دەولەتاندا.
ئێمە بەتوندی ئەم تاوانە بەربەری و وەحشیانەیە سەرکۆنە دەکەین ڕایدەگەیەنیین هیچ
پاساوێک قبوڵ ناکەین بۆ ئەم تاوانە قێزەون و فاشیانەیە. هەروەها حکومەتی هەرێم و
حزبە ناسێوناڵستیەکان ڕسوادەکەین، ئەوان لە ئاستی بەرپرسیارێتی خەڵکی کوردستاندا
نین و نەبوون. ئێمە وێڕای بانگەوازی خەلکی کوردستان بۆ ناڕەزایەتی و ڕوو بەڕووی
بوونەوەی دەوڵەتی تورکیا هاوپەیمانەکانینان لە ناوەوە ولە دەرەوەی کوردستان،
بانگەوازی خەڵکی موتەمدین و ئازادیخوازی جیهان دەکەین ڕوو بەڕووی ئەم تاوانانەی
دەوڵەتی فاشستی تورکیا ببنەوە.
حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق
٢٧\٦\٢٠١٩