بانگەوازێک بۆ خەڵکی شۆڕشگێڕی عێڕاق!

لە لایەن پلنیومی نۆیەمی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراقەوە!

ئەی جەماوەری ڕاپەڕیو، ئازادیخوازان، ئەی ژنان و کچانی تێکۆشەر!

ئێمە ئەندامانی کۆمیتە مەرکەزی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق دەستی خەباتکارانەتان دەگوشین و بە گوڕێکی زۆرەوە پشتیوانی لە ناڕەزایەتی شۆڕشگێرانەتان دەکەین دژ بە ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە دینی وقەومیە گەندەڵە. ئێمە لە ڕیزەکانی ئێوەداین و شان بەشانی ئێوە ڕاوەستاوین؛ لە ناو تەنسیقیەکانتان وکۆڕەکانتان و پلمیکە مەدەنی و بزووتنەوە سیکیولارەکەتان، لە گۆڕەپانەکانی تەحریر و شەقامی شارەکانی عێراق، لە خەباتداین لە گەڵتاندا لەهەر هەنگاوێک ڕاپەڕینی مەزنی ملیونی ئێوە دەینێت بەرەو پێشەوە.

لەو ڕۆژەوە ئەم حزبە دروست بووە هەتاکو ئێستا ڕەخنەیەکی ڕیشەیی دەگرێت لە هێزە دینی و تایەفی وقەومیەکان و سەدان جار وتومانە ئەمانە غەیری کاولکاری وماڵ وێرانی و داسەپاندنی پێناسەی تەزویرکراوی نائینسانی بەسەر کۆمەڵگەدا شتێکی تریان پێ نیە. چەندان ساڵە حزبی ئێمە بانگەوازی سیکیولاریزم و جیای دین لە دەوڵەت و پەروەردەو فێرکردن و دادگا دەکات، چەندان ساڵە حزبی ئێمە دەڵێت دەسەڵاتی دارو دەستەی ئیسلامی و قەومی دەسەڵاتێکی کۆنەپەرستە دەیەوێ هاوڵاتی بهاڕێت و پێناسەی دینی و تایەفی و ئەثنیکی داسەپێنی بەسەریاندا و بە چارەنوستان یاری بکات، بۆ تاڵان کردنتان، بۆ ئەوەی ڕووی ڕمەکانتان بکەنە یەک، بۆ ئەوەی درێژە بە دەسەڵاتی تاڵان و دزی گەندەڵیەکانیان بدەن. ئێوە ئەمڕۆ زۆر بە دەقیقی ئەم ئامانجە شۆڕشگێرانەیە بەرجەستە دەکەن لە شیعاراتەکانتاندا" سیکیولاریزم سکیولاریزم، نە سونی نە شیعی" و " بە ناوی دینەوە دزەکان دزیان لێکردین" و " نا بۆ بازرگانانی دین" و دەریاندەبڕن. ئەمڕۆ ئێمە ئەم شیعار و ئامانجانەی ئێوە بە هی خۆمان دەزانین وهەر وەک ئێوە بەرگری لێدەکەین وتێدەکۆشین لە پێناویدا.پێویست دەکات ئەم شیعارانە قوڵترو هەمەلایەنتر بکەینەوە بە هەموو مانەوە بیگەیەنینە هەموو کونج و کەلەبەرێکی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری لە عیراق و دەرەوەیدا، لە پێناو جیهانێکی باشتر بۆ ئەمڕۆ و نەوەکانی داهاتومان.

لە هەموو ئەدەبیاتەکانی حزبدا ئەوەمان ڕوون کردوەتەوە ئەم پەرلەمانە گاڵتەجاڕی و کاریکاتۆرە، لە سەروکی میلیشیاو دینەکان وقەبیلە و دارو دەستە جیاوازەکان و پێکهاتون نەک لە نوێنەرانی خەڵک، ئەم پەرلەمانە ناتوانی نوێنەری تەمەدون و نویخوازیەکانی ئێوە بێت، هەڵبژاردنەکانیان گاڵتەجارێە هەر چون ئێوە ڕاتانگەیاند لە دواکاریەکەتاندا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵوەشانەوەی دەستورە دینی و تایەفی و قەومیەکەی کە لە پشتی سەری ئێوەوە لە بارو دۆخی داگیرکاری و تیرۆر و سەرکوتکردندا تێیان پەڕاند. جەماوەری ملیونی عێراق ئەمڕۆ  نەفیکردنەوەی پەرلەمانەکەیان و دەستورەکەیانی ڕاگەیاند داوای دەستوریکی سیکیولار و دەوڵەتێکی مەدەنی کە پشت بە هاوڵاتی بوونی یەکسان و یەکسانی ژن و پیاو هەڵوەشانەوەی سزای لە سێدارەدان و پێش کەش کردنی خزمەت گوزاری و هەموو شێوەکانی خۆشگوزەرانی دەکات.

ئەمڕۆ ئێمە بانگەوازتان دەکەین و دەلێین ئێمە لەگەڵتانین و تێدەکۆشین بە هەموو هێزمانەوە بۆ سەرکەوتنی داواکاریەکانتان، بۆ سەرکەوتنی ڕاپەڕینی جەماوری مەزنی ئیوە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی تەواو جیاواز، یەکسان، ئازاد، سیکیولار و نوێ و خۆشگوزەران. بەتەواوەتی بەرگری لە جەماوەری ملیونی دەکەین و بانگەوازتان دەکەین بۆ دەسپێشخەری ئێوە لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتە دواکەوتوەدا،  بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانتان لە کۆمیتە سەربەخۆکاندا بۆ بەڕیوەبردنی گەڕەکەکانتان، لە شوێنی کارتاندا و بۆ ڕایکردنی خزمەتگوزاریەکان و پشت بەستن بە خۆتان و هەڵبژاردنی نوینەرانتان لە کۆبونەوە گشتیەکان و دامەزراندنی شورا جەماوەریەکان و بە ڕیوە بردنی ژیانتان لە شوێنی دەسەڵاتی دارو دەستەو میلیشیا دینی وقەومیەکان و هێزەگەندەڵەکان و دزەکان. ڕێگە مەدەن ئەندامانی دەسڵاتدارە عەمامە بەسەرەکان و بێ عەمامەکان بە چارەنوسی ڕاپەڕینەکەتان گەمە بکەن.دەریان کەن لە ڕیزەکانتان و بەبەردەوامی داوای سکیولاریزم و تەمەدون و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بکەن و لەوە کەمتر قبوڵ مەکەن.

حزب لەهاوشانتان تێدەکۆشی بۆ تێکشکاندنی ئەو ئابلۆقە ئیعلامیە کە دەزگا ڕاگەیاندنە جیهانی و ناوخۆیەکان لە سەر هەواڵ و خۆپێشاندان و داواکاریەکانتان دایان ناوە. دەزگاکانی ڕاگەیاندن وای پێشان دەدەن ڕاپەڕینی ئێوە هیچ نیە جگە لە کێش مەکێشی نیوان هێزە میلیشیایەکان و مەرجەعیەتەکانیان و ئەوانەی ساڵانێکی دورو درێژە بونەتە هۆی کوشتن و داڕوخانی کۆمەڵگەو نوقم کردنی ئینسانیەتی ئێوە لە قوڕاودا، وەک بڵێی ئەمە خۆی ڕاپەڕینیکی جەماوەری خاوەن داواکاری نان و ئازادی و کەرامەتی ئینسانی نەبێ، ڕاپەرینێک نەبێ کە دەیەوی هەموو ئەم زرو زبڵانە بخاتە شوێنی خۆیانەوە ؛ بیانخاتە زبڵدانەوە.

ئێمە بە هەموو توانامانەوە تێدەکۆشین بۆ گەیاندنی دەنگی خۆپێشاندان و داواکاریەکانتان بۆ هەموو جیهان بۆ پێشاندانی ڕاستی ئەوەی ڕوو دەدات لە عێراق و بۆ ڕوو بەڕوو بونەوەی هەر هەوڵێک کە نەخشەی بۆ دەکێشن لە دژی ئێوە و دژی ڕاپەڕینەکەتان. هەروەها بۆ بە دەست هێنای دەنگ وهاوپشتی جەماوەری جیهان و هێزە ئینسانی و موتومەدینەکان.

سەرکەوتن بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری شۆڕشگێڕی عێراق!

نە شیعی نە سونی دەوڵەتی سیکیولار!

پلنیومی نویەمی حزبی کۆمۆنستی کڕێکاری چەپی عێراق

٢٩ اب ٢٠١٥