به‌یاننامه‌

 ‌‌ڕه‌تکردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ یاسای باری که‌سێتی جه‌عفه‌ری  وه‌زیری داد‌ !!!

 

 

ئێمه‌ "گروپی نا بۆ توند وتیژی دژی ژنان" هه‌ردوو پرۆژه‌ یاسای وه‌زیری دادی عێراقی حه‌سه‌ن شه‌مه‌ری، ڕه‌شنوسی یاسای باری که‌سێتی جه‌عفه‌ری و ڕه‌شنوسی یاسای دادی شه‌رعی جه‌عفه‌ری که‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی تایفی و دینی داڕێژراوه‌ ڕه‌تده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ هه‌ر تایفه‌یه‌ک هه‌قی هه‌یه‌ یاسای باری که‌سێتی خۆی هه‌بێ بۆ ڕێکخستنی کاروباری ئیزدواج و جیابوونه‌وه‌ و سه‌رپه‌رشتیاری منداڵ و وه‌ره‌سه‌، ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ پشتی به‌ستوه‌ به‌ ماده‌ی 41 ده‌ستور که‌ ده‌قه‌که‌ی( عێراقیه‌کان ئازادن له‌ ئیلتزام کردن به‌ باری که‌سێتیانه‌وه‌، به‌پێی دینه‌کانیان و مه‌زهه‌به‌کانیان و بیروباوه‌ڕه‌ڕیان ئه‌مه‌ش به‌یاسا ڕێکده‌خرێت) له‌ بنچینه‌دا ئه‌م به‌نده‌ ده‌ستوریه‌ خۆی کێشه‌ی سیاسی له‌سه‌ره و‌ وه‌ڵام ده‌ره‌وه‌ نیه‌ به‌ دامه‌زراندنی ده‌و‌ڵه‌تێکی مه‌ده‌نی که‌ پێشێل کردنی مافه‌کانی مرۆڤ به‌ گشتی ومافه‌کانی ژنان به‌تایبه‌تی له‌ خۆێدا ده‌گرێت، له‌کاتێکدا هاوڵاتیان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بوون گۆڕان به‌ سه‌ر یاسای باری که‌سێتیه‌ کۆنه‌که‌دا بێت به‌ شێوه‌یه‌کی شارستانیانه‌ و هاوچه‌رخانه‌، به‌ڵام یاسایه‌کیان هێناوه‌ که‌ ده‌مانگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مه‌کانی جه‌هاله‌ت. چه‌ند خاڵێک ته‌نها بۆ پێشاندانی جیاوازیه‌کان له‌ نێوان هه‌ردوو یاساکه‌ پێشان ده‌ده‌ین، ده‌قی یاسای جه‌عفه‌ری ده‌ڵێ ته‌مه‌نی ئزدواج و  باڵغ بوون نۆ ساله‌ بۆ کچ و پانزه‌ ساڵه‌ بۆ کوڕ به‌ ڵام دووه‌م یاسای باری که‌سێتی کردویه‌تی مه‌رج ده‌بێ هه‌ژده‌ ساڵی ته‌واو کردبێ بۆ نێر ومێ، بۆ زه‌واج له‌ یاسای جه‌عفه‌ریدا ته‌نها ژنی ئیسلام و پیاوی ئیسلام ده‌توانن زه‌واج بکه‌ن و پیاوی ئیسلام ناتوانی ژنی غه‌یره‌ ئیسلام بخوازێ، هه‌رچی یاسای باری که‌سێتی عێراقیه‌ پیاوی ئیسلام ده‌توانی ژنی غه‌یره‌ ئیسلام بخوازی به‌ڵام ژنی ئیسلام ناتوانی له‌گه‌ڵ غه‌یری ئیسلامدا زه‌واج بکات، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند ژنه‌ یاسای جه‌عفه‌ری چه‌نده‌ ژنه‌ بۆ پیاوان به‌ڕه‌سمی ده‌ناسێت، به‌لام یاسای باری که‌سێتی عێراقی چه‌ند ژنه‌ی قه‌ده‌غه‌ کردوه‌ ته‌نها دادگا بۆی هه‌یه‌ بڕیار له‌ هێنانی ژنێ زیاتر ده‌ربکات به‌پێچه‌ونه‌وه‌ زیندانی و غه‌رامه‌  ده‌کرێت، له‌ ساغ کردنه‌وه‌ی نه‌سه‌بدا یاسای جه‌عفه‌ری پشت به‌ سوێند خواردن ده‌به‌ستێت له‌کاتێکدا ئه‌مه‌ له‌ له‌گه‌ڵ لۆجیکی هاوچه‌رخ پێچه‌وانه‌یه‌ که‌ پشت به‌ شیکاری خانه‌ی DNAده‌به‌ستێت.    

ئه‌م هه‌وڵه‌ کۆنه‌په‌رستانه‌ و دژی ژنه‌ تازه‌ نیه‌ له‌ 2004 یشدا جارێکی تر به‌ پێێ بڕیاری 137 ده‌بوایه‌ له‌ جێگای یاسا مه‌ده‌نیه‌کان یاساکانی مه‌زهه‌به‌ جیاجیاکان جێبه‌جێبکریت و کۆمه‌ڵگه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر به‌ره‌و دواوه‌ ببرێت، به‌ڵام به‌ تێکۆشانی هه‌زاران ئاکتڤستی بواری یه‌کسانی ژن پیاو و ئینسانه‌ ئازادیخوازه‌کان  ئه‌م بڕیاره‌ پێچرایه‌وه‌ و به‌ ته‌واوه‌تی ڕه‌تکرایه‌وه‌.

پرۆژه‌ یاسای باری که‌سێتی جه‌عفه‌ری که‌ وه‌زیری دادی عێراقی  خستویه‌تی ڕوو جگه‌ له‌وه‌ی خۆی کێشه‌ی تایه‌فی و مه‌زهه‌بیه‌کان  شۆر ده‌کاته‌وه‌ بۆ نا و دادگا و یاساو ڕێساکان و نه‌وت ده‌کا به‌ئاگری ناکۆکیه‌ تایه‌فیه‌کاندا و ئه‌وه‌نده‌ی تر قوڵی ده‌کاته‌وه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی تر کۆمه‌ڵگه‌ی عێراق له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنته‌وه‌.

ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ خۆی ڕاگه‌یاندنی جه‌نگه‌ به‌ دژی ژنان و کچانی عێراق له‌ هه‌موو مافێک بێبه‌شیان ده‌کات، ئه‌گه‌ر ئێستا ژنان ده‌کوژرێن و له‌ کونجی ماڵ ته‌نگ ده‌کرێن و له‌ کۆمه‌ڵگه‌ دادبڕێن که‌سایه‌تیان وردوخاش ده‌کرێت، به‌پێی ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ وه‌ک مرۆڤی پله‌ سێ چواریش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناکرێت و کۆمه‌ڵگه‌ ده‌کاته‌ تاریکستان. ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ ته‌نها له‌م بواره‌دا نیه‌ به‌ڵکو به‌ پێێ هه‌واڵه‌کان حکومه‌تی عێراقی بڕێک پاره‌ ده‌داته‌ زیندانیه‌ سیاسیه‌کان له‌ بری هێنانی ژنی دووه‌م و سێیه‌م، ئه‌مه‌ش خۆی جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تیکی بێ شرمانه‌یه‌ بۆ سه‌ر ژنان بۆ داسه‌پاندنی چه‌ند ژنه‌، که‌متر نیه‌ له‌ پرۆژه‌ یاساکه‌ی حه‌سه‌ن شه‌مه‌ری، خۆی تێکدانی شێرازه‌ی خێزانه‌کانه‌ و دروست کردنی فزایه‌کی ناله‌بار و دڕدناکی نێوان ژنان و پیاوانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌.

ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه‌ له‌ کاتێکدایه‌ ڕۆژانه‌ ده‌یان ژن خه‌ڵتانی خوێن ده‌کرێن به‌ قژکانیان ڕاده‌کێشرێن به‌ پێی یاسای 409 خوێنیان حه‌ڵاڵ ده‌کرێت.  له‌ شاری که‌رکوک هه‌ر ڕۆژه‌ کاره‌ساتێک و تاوانێکی گه‌وره‌ ڕووده‌دات ده‌سه‌ڵاتیش بێباکه‌ و هیچ ڕێ و شوێنێک ناگرێته‌ به‌ر بۆ به‌رگرتن به‌ قه‌تڵ و عام کردنی ژنان.

ئێمه‌" گروپی نا بۆ توند تیژی له‌ دژی ژنان" ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌‌ پێشنیار کراوه‌ی باری که‌سێتی له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن شه‌مه‌ری که‌ وه‌زیری داده‌ به‌ته‌واوه‌تی ڕه‌تده‌که‌ینه‌وه‌ با یسایه‌کی دژی ژنی ده‌زانین، هه‌موو ڕێگایه‌کی خه‌باتکارانه و مه‌ده‌نیانه‌‌ ده‌گرینه‌ به‌ر بۆ ڕسواکردنی ئه‌م هه‌وڵه‌ کۆنه‌په‌رستانه‌یه‌‌ له‌ دژی ژنان هه‌روه‌ها تێکۆشانمان توندتر ده‌کینه‌وه‌ بۆ پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانی ژنان و بۆ داسه‌پاندنی یاسایه‌کی باری که‌سێتی موته‌مه‌دین که‌ له‌ گه‌ڵ ئستاندارده‌ جیهانیه‌کانی مافه‌ مه‌ده‌نیه‌کانی مرۆڤدا هاوجوت بێت و یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ژن و پیاو به‌ڕه‌سمی بناسێ. سه‌رجه‌م خه‌ڵکی ئازادیخوازی عێراق و کوردستان بانگه‌واز ده‌که‌ین یه‌ک ده‌نگ له‌ دژی ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ ڕابوه‌ستن.

 

 

نا بۆ پرۆژه‌ یاسای باری که‌سێتی جه‌عفه‌ری!!

به‌ڵێ بۆ یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ژن و پیاو!!

به‌ڵێ بۆ هاوڵاتی بوونی یه‌کسان له‌ عێراقدا!!

 

گروپی نا بۆ توند وتیژی دژی ژنان له‌ شاری که‌رکوک

31 تشرینی یه‌که‌م 2013