تیرۆر کردنی وەدات حسین  تاوانێکی تری ناسێونالیزمی کورد و پارتیە!!

ڕۆژی ١٣ئاب ڕۆژنامەنوس وەدات حسین عەلی دوای دیار نەمانی یان باشتر بوترێت ڕفاندنی لەسەر ڕێگای سمێڵ – دهۆک بە کوژراوی دۆزرایەوە، شایانی باسە وینەکان ئەوە پێشان دەدەن وەدات ئەشکەنجەیەکی دڕندانە کراوە و لاشەکەی شێوێندارواوە. وەدات حسێن ڕۆژنامە نوس بووە لە ماڵپەڕی ڕۆژنیوز و چەند جارێک توشی هەڕەشەو ترساندن بوەتەوە پێش تیرۆر کردنەکەی.

بۆ هەموو لایەک ڕۆشنە ناسێونالیزمی کورد بە گشتی هێزێکی عەشایەری و کۆنەپەرستە بەلام  ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی  سەرکوت وخنکاندنی ئازادی و ئازادی دەربڕێن لەو پەڕیدایە تا ئێستا پارتی دەیان کەسی تیرۆر کردوە یان ڕفاندویەتی یان گرتونی و ڕاوی ناون وهیچ ئازادیەکی سیاسی لەناوچەی ژێر دەسەلاتی پارتیدا بوونی نیە. ئەم شێوەیە لەتیرۆر کردن لە ژێر دەسەڵاتی پارتی و لە پەنای دەستی ئەودا ڕوو دەدەن. بە ڕۆژی ڕوناک نەزیر عمر و رەوف کامیل و ئەبوو نەسیر بەهەمان شێوە پارتی دەستی هەبووە لە تیرۆر کردنیاندا. هەموو ئاماژەکانی ئەوە پێشان دەدەن کە پارتی خۆی ئەم کارەشی ئەنجام داوە.

ڕۆژنامە نووس لەکوردستاندا یان دەبێت دەستکەلای دەستی ئەم حزبە سوپەر کۆنەپەرست وعەشیرەتیانە بێت، یان ئەوەتا بە دەردی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیان و ودەات حسێن دەبرێت. کە دیارە تیرۆر کردن سیاسی لە کوردستان هەموو کۆمەڵگەی گرتوەتەوە و بکوژانیش لە جیاتی گرتن و دادگایی یان پاداش دەکرێن یان داڵدە دەدرێن.

مەسعود بەرزانی و پارتی وەک ئەوەی خەڵکی کوردستانیان لەگوێی گادا خەواندبێت، لێژنەی بەدوادا چوون و لێکۆڵینەوە دروست دەکەن و هەموو خەڵکی کوردستان دەزانن ئەم شێوە لە بەدوادا چوون نەک بۆ دەرخستنی ڕاستیەکان نیە بەڵکو بۆ شاردنەوەی دەرکەوتنی شوێن پێی ڕاستیەکان و شێواندنی بەڵگەنامە و ئەو دیکۆمێنتانەیە کە ڕاستیەکان ئاشکرا دەکەن. بۆیە ئەم هێزە چۆن سواری دەسەڵات بووە و بەزۆر دەسەڵاتیان بەسەر کوردستاندا داسەپاندوە، بەهەمان شێوە دادگا و ڕێگا و کەناڵکانی لێکۆڵینەوەشیان قۆرخ کردوە.

خەڵکی کوردستان دەبێ ئەم تاوانکاریانە قبوڵ نەکەن و هێزی ئازادیخوازانەی خۆیان بۆ پێچانەوەی ئەم دارودەستانە وئەم دەسەڵاتە ڕێک بخەن ئەمە چیتر قبوڵ نەکەن هێزی وئیرادەی خۆیان بۆ پێچانەوەی ئەم دارودەستانە وئەم دەسەڵاتە بهێننە مەیدان.

ڕسوایی بۆ بکوژانی وەدات حسێن!!

بژی ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی دەربڕێن !

بژی سۆشیالیزم!

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق

١٥\٨\٢٠١٦