ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ڕوونکردنەوەکەی هاوڕێ نادر عبدالحمید!!

 

لە نوسینێکدا هاوڕی نادر عبدالحمید بە ناو" ڕونکردنەوە لەسەر چاوپێکەوتنەکەی بەرنامەی "پۆلیتیکس"ی ژمارە ٢٣ " چەند سەرنجێکێ خۆی خستوەتە ڕوو من بە پێویستم زانی بۆچونی خۆمی لەسەر بدەم.

سەرەتا ئەوە بڵێم ئەم هەوڵەی هاوڕی نادر جێگای دەستخۆشیە و لە پای خەمخۆری بۆ بزووتنەوەکەوەیە ،  لە ڕوانگەی ئەم ئامانجەوە من ئەمەوی بچمە ناو باسەکەوە و لێرەوە شەن وکەوێکی بۆچونەکانی هاوڕی نادر بکەم.

بنەماکانی خەباتی هاوبەش تا ئاستی بزووتنەوەکی سۆشیالستی تٶکمە و یەکگرتوو چی لەسەر ئاستی عێراق بێت یا لەسەر ئاستی کوردستان هەتا دەگات بە یەکگرتن لەیەک حزب دا پیویستی بە بەرنامەیەکی هاوبەش و شیعارێکی ستراتیژی هەیە و " پڕوپاگەندە وهاندان  و ڕێکخستن" بەدەوری ئەو شیعارەدا دەکرێت و بەڕیوە دەبرێت، شیعاری ئازادی یەکسانی حکومەتی کرێکاری و شیعاری جمهوری سۆشیالستی  شیعاری ستراتیژین پڕوپاگەندەو هاندان و ڕێکخستن بەدەوری ئەم شیعارانەدا دەمانگەیەنی بە سۆشیالیزم کە ئامانجی تێکۆشانی کۆمۆنستەکانە، غیابی ئەم ستراتیژە هەموو سنورەکان لەگەڵ بورژوازیدا دەسڕێتەوە دەتکا بە لێبراڵ نەک  ڕێگا چارەی کێشەی کورد.

 من پێم وانیە شیعاری ڕوخان شیعارێکی ستراتیژی بێت، بەڵکو شعارێکی مەقتەعیە و ڕووخان ئامانجی ستراتیژی نیە تا حزب و کۆمۆنزمی کرێکاری بەدەوری شیعاری روخاندا ڕیک بخرێت. بەڵام دەکریت پلاتفۆرمێک وەک هەنگاوێکی پراکتیکی بخرێتە ڕوو بەدەوی ئەو پلاتفۆرمەدا هێزە چەپ وکۆمۆنستەکان کاری هاوبەش ئەنجام بدەن، هەنگاوێکی پراکتیکی بێت بۆ ئەوزاعێکی وەک ئێستا کە جەماوەر ڕژاونەتە سەر شەقامەکان. بۆ نمونە دەکرێ کۆنگرەیەک ببەستین بۆ یەکخستنی هێزە کۆمۆنستەیەکان بە دەوری پلاتفۆرمێکی لەو بابەتەدا، هەموو هێزە هاوراکانی تێدا کۆبێتەوە، هەنگاوێکی جدی بێت بۆ پڕ کردنەوەی نەبوونی حزبێکی سیاسی بە توانا لە مەیدانەکەدا.

من پێم وایە قسەکردن لە شیعارێک بمان گوێزێتەوە لە " ئەپرلەوە بۆ ئکتۆبەر" خۆی نەخویندنەوەی بارودۆخەکەیە یان لێکچواندنێکی نادروستە. بەو دەلیلەی دوو فاکتۆری گرنگ لە شٶڕشی سۆشیالستی و لەو سەردەمەدا هەبوون کە هیچیان لەو ئاستەدا بوونیان نیە لە کوردستاندا. یەکەمیان بوونی حزبی بەڵشەفی بوو دووەمیان  بوونی شوراکان بوو و لینن کاتێ باسی سەرکەوتنی شۆڕش دەکات باسی ئەم دوو فاکتۆرە گرنگە زاتیە دەکات. بوونی جەماوەر لە ناو شەقامەکان کافی نیە ، ئەمە بۆ میسر وتونسیش ڕاستە و بۆ هەموو ئەو شۆڕشانەی لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن هەر ڕاستە. بۆیە من پێم وایە ئەمە چەپڕەوی منداڵانەیە  " ئەسپمان نیە ئاخوڕی بۆ دروست دەکەین".

شیعاری ڕوخان یان پێجانەوەی هێزە ناسێونالستی و ئیسلامیەکان لە دەسەڵات و دامەزراندنی دەسەڵاداریتی خەڵک  ئەمە دەکرێ خاڵێکی مەرکەزی بێت لەو پلاتفۆرمەدا . ئێمە پێچانەوەی دەسەڵاتی ناسێونالزمی کوردو ئیسلامیەکانمان هەمیشە بە کاری خۆمان زانیوە و پێمان وابوە ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتێکی سەروی خەڵک و دژی خەڵکن. دەسەڵاتدارێتی شورایمان وەک دەسەڵاتدارێتی خەڵک خستوەتە ڕوو ، ئەم پلاتفۆرمەی خۆمان خستە بەردەست هێزە کۆمۆنستیەکانی کوردستان لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ دا بۆ ئەوەی وەک پلاتفۆرمێکی هاوبەش تاوتوێی بکەین. بەڵام کاردانەوەی نەبوو.

ئەگەر هیزێک کۆمۆنستی هەیە دەیەوی وەک هێزێکی ئاقڵ گێرە نەشیوێن و شەرعی لەلایەن بورژوازیەوە و وەک گروهی فشار کار بکات، ئەوە ئەو هێزە  ئێمە نین، ئێمە لە هیچ شوێنێک بە ناسیونالیزمان نەوتوە ئێمە لەگەڵ ئێوە شەڕ ڕادەگرین.

مەسەلەی دووەم  مەسەی سەربەخۆیی کوردستانە کە هاوڕێ نادر دەڵێ ئەمە داواکاریەکی لیبراڵیە.

من پێم وایە کێشەی کورد تا ئێستا وەک خۆی لە جێی خۆی ماوە ، نەدەوڵەتێکی سۆشیالستی دامەزراوە نە دەوڵەتێکی مەدەنی سیکیولار کە هاوڵاتیبوونی کردبیەتە بنەما لە عێراق نە کوردستان جیا بوەتەوە، کە ئەمانە ئەم ڕێگا چارانەن کە کۆمۆنستەکان لە یەکەمەوە بۆ سێەم  بەپیێ هاوسەنگی هێز خستویانەتە ڕوو( تەرحەکەی مونسوری حکمەت)  بۆ دەست بردن بۆیان بۆ چارەسەری زوڵمی  قەومی و کێشە قەومیەکان. ئەگەر هاوڕێ نادر باسی تەرحەکەی هاوڕی مەنسور دەکات ئەوە باسەکەی هاوڕی مەنسور لەسەر دوو پایە وەستاوە یەکێکیان بوونی کێشەی کوردەو کە ئێستا پانتایەکی گەورەی لە کێشەکانی نەک عێراق بەڵکو ناوچەکە ی داگیر کردوە، دووەم کوردستان ئەو کات لە ١٩٩٥ دا ئۆردوگایەکی هەڵواسراو بوو. ئێستا کێشەی کورد وەک خۆی ماوەتەوە لە کوردستانی عێراق دا لە ئوردوگای هاتوەتەوە دەرەوە بەڵام لە چوارچێوەی وڵاتیكدا دایە کە تا بیناقاقای  نوقمە لە شەڕی تایفی و سیاناریوێی ڕەشدا و قەڵشتی قەومی و تایفەی گەیشتوەتە ئەو پەڕی . لەسەر ئەم بنەمایە جیای کوردستان لە عێراق لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و لەبەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقدایە. بۆیە من پێم وایە ئەو تەرحەی مەنسور وەک خۆی لە جێی خۆیدایە تەنها هەندێ ئاڵ وگٶڕی سیاسی  ڕوویانداوە کە ئەمش ناکەتە ئەوەی ئەو پلاتفۆرمە وەلا بنرێ بەڵکو بە هێزی خۆیەوە لە جێی خۆیدایە.

ئەگەر بەشیک لە بورژوا- ناسێوناڵی کورد بە ڕوو کەشی هاتوەتە پای باسکردنی جیابونەوەی کوردستان مانای وانیە ئێمە دەبێ دەست لە پرۆژەکەی خۆمان هەڵبگرین، ئەمە بۆ کوردستانی عێراق وایە هەروەها بۆ چارەسەری کێشەی فەلستین  ودامەزراندنی دوو دەوڵەتی یەکسان بەهەمان مانایە. لەبەر ئەوەی غەرب و ناسیونالزمی عەرەب  لەفەلەستین باسی دوو دەوڵەت دەکەن دەبێ ئێمە دەستی لێ هەڵبگرین؟ لە زۆر بڕگەی خەباتدا هێزە بورژوایەکان مل دەدەن بە داواکاری تەرحی کۆمۆنستەکەن، ئایا ئەبێ کۆمۆنستەکان دەسەت لە پلاتفۆرمی خۆیان هەڵگرن چونکە دەکەونە لای چەپی بۆرژوازیەوە و دەبن بە " لیبراڵ !!" .

کۆمۆنستەکانی کوردستان و کۆمنیزمی کرێکاری هەمیشە هێزێکی دژی ناسیونالستی بووە بەشێک بووە لە پێناسەی ئەم هێزە ، شیعاری " ناسیونالیزم شەرمەزاریە بۆ بەشەریەت" شیعاری ئێمە بووە وهەیە، ئەوە هاوڕێ نادرە خوێندنەوەی بۆ وەزعی ناوچەکە دروست نیە، پانتاییەک کە کێشەی کورد داگیری کردوە، ناخوێنیتەوە، بەمەش کۆمۆنستەکان دوردەخاتەوە لە حەڵقەیەکی خەباتی دەسەتە و یەخە لە عێراق و ناوچەکەدا، ئەگەر کۆمۆنستەکان دەست لەم مەیدانە و لەم تەرحە هەڵبگرن ئەوە بە خواستی خۆیان مەیدان چۆڵ دەکەن بۆ ناسیونالیزمی کورد و سوک وئاسان دەسەڵات بۆ چەند دەیەی تر بۆ ناسیونالیزم جێ دێڵن.  

هاوڕی نادر بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە ئەگەر دەسەڵات لەکوردستان ڕوخا تۆ چی دەکەی ؟ دەڵێ دەیکەین بە بنکەی شۆڕش لەسەراسەری عێراقدا. بەڵام من پێم وایە ئەگەر کوردستان جێابیتەوە و دەوڵەتێکی شۆڕشگێڕی تێدا دروست بێت پراکتیکی ترە بۆ ئەوەی ببێتە سەکۆیەکی شٶڕشگێڕانە نەک بۆ عێراق  بەڵکو بۆ سەراسەری ناوچەکە و ئاسان تریش دەتوانرێ بەرگری لێبکرێ. یانی ئەگەر کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ بێت دەستی حکومەتی مەرکەزی بەغدا دەبەستێت هێڕش بکاتە سەری بەئاسانی ئەتوانی لەسەر پێی خۆی ڕابوەستی و پشتیوانەیەکی بەهێزدە بێت بۆ هێزە شۆڕشگێڕەکانی ناوچەکە.

ئێمە داوای جیای کوردستان دەکەین لەعێراق و دەمانەوێ دەوڵەتێکی سیکیولاری نا دینی و نا قەومی دابمەزرێنین و ئەمەش بە مانای رووخانی یان پێچانەوەی دەسەڵاتی ناسیوناڵ ئیسلامی کوردستانە. بە مانایەکی تر ئێمە داوای ڕوخانی دەسەڵاتی ناسێونالیزمی کوردمان کردوە و پێمان وایە سەربەخۆی کوردستان بەڕەی ژێر پێی ناسیوناڵ - ئیسلامیەکانی کوردستان دەردێنی. دەوڵەتێکی لەو بابەتە تەنها بە کۆمۆنستەکان و چەپەکان دادەمەزرێ ئەگەر خەڵکی کوردستان ئەم پلاتفۆرمەی ئێمە قبوڵ بکەن و لەدە وری دەست بدەنە خەبات ئەوە ڕیشی خۆیان دەدەنە دەستی ئێمە نەک ناسێونالستەکان، ئەمەش هەنگاوێکی جدیە بۆ بەدی هاتنی ئازادی ویەکسانی و ریفاه و جیهانێکی باشتر.

سمیر نوری

١٢\١١\٢٠١٥