ڕێگا چارەی ئێستای کوردستان دامەزراندنی حکومەتێکی سیکولاری نە دینی نە قەومیە!!

 

قەیرانی ئابوری و سیاسی لەکوردستاندا بە دوای خۆیدا قەیرانی دەسەڵاتیشی هینایە ئاراوە. ئەم قەیرانە بەشیکە لە قەیرانی سەراسەری عێراق و دەسەڵاتێک کە لە پرۆسەی سیاسیدا لە ٢٠٠٣هاتوەتە سەر کار. ئەوزاعی خەڵکی کوردستان هەروەک خەلکی سەراسەری عیارقەو بەرهەمی کۆمەڵگەی موزایەکی و دامەزراندنی دەوڵەتە لەسەر پێناسەی ئینسان لە پێی بنەمای قەومی و تایەفی و عەشایەری، ئەمڕۆ خەڵکی عێراق و کوردستان لەبەرامبەر ئەم ئەوزاعە هاتونەتە مەیدان دەیانەوێ ئەم هێزانە بپێچنەوە.

خەڵکی کوردستان لەخوارەوە  ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەیان ناوێ، سەروەش ناتوانی کۆمەڵگە ببات بەڕیوە، ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی دەسەڵاتی حکومەتی بنکە فراوانی زیاترخستوەتە قەیرانێکی قوڵەوە، ناڕەزایەتیەکانی خەڵک ڕووی لەهەر پێنج حزبەکەیە و لەدەسەڵاتەکەیانە. هێزە هاوبەشەکان لەدەسەڵاتداخۆیان ئەوەندەی تر ئابڕوی پەرەلمان و حکومەتە بنکە فراوانەکەیان بردوە!!

بیست وسێ ساڵە هێزە ناسیونالست عەشیرەیەکان و هێزە ئیسلامیەکان گەندەڵترین دەسەڵاتیان بە سەر خەڵکی کوردستاندا داسەپاندوە. خەڵکی کوردستان بەدەست بێ کاری و بی موچەیی و نەبونەیی و سەرکوت و تیرۆر، کوشتنی ژنان و بی ئومێد کردنی لاوان و ئاوارە بوونیان بۆ هەندەران ، دابەش کردنی دەسەڵات و سەروەت و سامانی کۆمەڵگە لە نێوان دوو خێلێ کوردستان بە شیوەیەکی سەرەکی، زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگەی هێناوەتە ناو جادەو مەیدانی ناڕەزایەتیەوە.

ڕێگا چارەی خەڵکی کوردستان دامەزراندنی دەوڵەتێکی مەدەنی و سیکیولاری نە دینی ونە قەومیە کە پشتی بەستبێ بە هاوڵاتی بوونی یەکسان، جیایی دین لەدەوڵەت و پەروەردە و دادگا، یەکسانی ژن و پیاو ، هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدان، ئازادی بیرو ڕاو دەربڕین و ویژدان، بەرقەراری ئازادیە سیاسی مەدەنیەکان و قەدەغەکردنی هەر زیندانیەکی سیاسی لە کوردستاندا، ئاستێک لە ڕفاه. ئەم ئاڵ وگۆڕە زامنی هەنگاو نانە بۆ دامەزراندنی کۆمەلگەیەکی ئازاد و یەکسان  و کۆمەڵگەیەکی ئینسانی.

خەڵکی ئازادیخواز و نارازی کوردستان، کرێکارانی تێکۆشەر!!

دامەزراندنی حکومەتێکی سیکیولاری نە دینی ونە قەومی بە ڕیکخراوبوونی ئێوەوە پەیوەستە،  حکومەتی سیکیولار نەقەومی نە دینی داوکاریەکی چینایەتی و حەلقەیەکی گرنگی خەباتی چینایەتی پێک دەهێنی، ئەرکی ڕەهبەرانی چینی کرێکارە کە ڕەهبەرایەتی چینی کرێکار و هەموو کۆمەڵگە بکەن بۆ سەرختنی ئەم ئەڵتەرناتیڤە کە هەنگاوێکی جدیە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد وسۆشیالست. ڕابەرانی ئەم مانگرتن وخۆپێشاندانەی ئێستا نابێ موجازەفەی پێوە بکرێ ، ڕێکخراو بوون لە شوینی ژیان و شوێنی کار، لە گەڕەک و شارو شارۆچکەکان لە شوراکانتاندا پێویستیەکی هەنوکەییە، ئەزمونی شوراکانی ١٩٩١ ئێستاش لە یادی هەمووماندا ماوە، یان هەرشكلێکی تری ڕیکخراوبوون، بەبێ رێکخراو بوون حزبە دەسەڵاتدارەکان ئاسان دەتوانن بەری ڕەنجی ئێوە داگیر بکەن ناڕەزایەتیەکانی ئێوە بکەنەی دەسمایەی بەشیان لە دەسەڵاتدا. بۆیە دەبێ سەدان جار بڵێێن ڕێکخرا بوون هێشتا هەر رێکخراوبوون.

 

هێز لە ڕێکخراو بووندایە!

بەرە و پێشەوە بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی سیکیولاری نە دینی و نەقەومی!!

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق

١٥\١٠\٢٠١٥