سەرهەڵدانی چەپی نوێ و بەپەراوێزبونی زیاتری چەپی سوننەتی لە ئەوروپادا!

حەمیدی تەقوایی

یاداشتەکانی هەفتە..

 

پاپلۆ ئیگلسیاس ڕابەری حیزبی چەپڕەوی پودموس چەند مانگێک لەمەوپێش لە میانەی وتارێکدا لە ئەسینا ئەوەی خستەڕوو کە:

"ئێمە دەبێ بە توندی ڕوبەڕوی گروپچێتی (مەحفەلیزم) ببینەوە. تایبەتمەندی شۆڕشگێڕان بە پۆشینی بلوسەکانیان نییە. تایبەتمەندی ئەوان بە گۆڕینی بیروباوەڕەکانی خۆیان، بە مەزهەب نییە. ئەرکی شۆڕشگێڕیک وێنەگرتنی خۆی نییە بە چەکوش و داسەوە. ئەرکی شۆڕشگێڕێک سەرکەوتنە".

ئەم وتەیە یەکێک لە جیاوازیە گرنگەکانی چەپێکی نوێیە کە لە یۆنان بەدەسەڵات گەیشتووە. لە ئیسپانیا لە ئاستانەی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتدایە، وە لە پورتوگال و ئیتالیا و ئیرلەندا، ئەو کۆمەڵگایانەی کە زیاتر لە وڵاتانی تری ئەوروپا لە ژێر باری سکهەڵگوشینی ئابوردیدا هاڕدراون، لە حاڵەتی هەڵکشاندایە. ئەم چەپە نوێیە کە لە ئاکامی قەیرانی ئابوری-حکومەتی و بێئاسۆیی و بێئەڵتەرناتیڤی سەرمایەداری سەردەمی ئێمە سەری دەرهێناوە، بەپێچەوانەی چەپی گروپچێتییەوە (فرقەیی)، چالاک و دەخالەتگەر و سیاسی و پێ لە زەمینە.

ماوەیەکی زۆرە کە چەپ و کۆمۆنیزم لەناو بیروڕای گشتی خەڵکی ئەوروپادا بەوهێزانە بەئەژمار دێن کە پەیوەندییەکیان بە سیاسەت و ژیانی واقعییەوە نییە. پەلکەزێڕینەی چەپی سونەتیش بەشیکە لەو هێزانە: گروپەکانی فشاری هاوشێوەی حیزبی ئیس دەبلیو پی کە لە زیادەڕەوی دژە ئەمریکایدا لە بەرەی حەسەن نەسراڵلە و خامەنائی سەریان دەرهێنا، پاشماوەی حیزبە کۆمۆنیستەکانی بلۆکی سۆڤییەت هاوشیوەی حیزبی تودە(حیزبی شیوعی ئیران.م) کە تا ئێستاش دژایەتیکردنی کەمپی ئەمریکا شوناسنامەی سیاسیان پێکدەهێنێت، دەستەوتاقمی پاکوبێگەردخوازی هاوشێوەی گروپە بچوکەکانی ترۆتسکیست و چەپی ناوبراو بە "چەپی لوناتیک ( دێوانە.و)" یا خەیاڵپڵاو کە لە زیادەڕەویکردن لە ئامانجخوازیدا (ئایدیالی.م) خۆیان بە سیاسەت ئالودە ناکەن. وە لە لایەکی ترەوە ئەحزابی حکومەتی کە ناوی سۆسیالیست و سۆسیال دیموکراسیان بەخۆیانەوە هەڵواسیوە بەڵام لە دواین سیماکانی پێشەکەوتنخوازی بەتاڵ بونەتەوە، وە چەندان و چەندانی تر. ئەم پەلکەزێڕینە ڕەنگ پەڕیوە لە هێزگەلێک پێکدێت کە بە وتەی مەنسور حیکمەت بۆ ئەوەی بە "ڕادیکاڵی" بمێننەوە گۆڕاون بە "ڕاهیبە سورپۆشەکانی پەرستگاکانی مێژوو" وە بە وتەی ئیلگسیاس بیروباوەڕەکانیان گۆڕیوە بە مەزهەب، وە یان لە پیناو ئەوەی کە لە دەسەڵاتدا بەشداربن دەستیان لەهەر چەشنە ڕادیکاڵیەت و پێشکەوتنخوازییەک شتووە و گۆڕاون بە شوینکەوتوی سیاسەتەکانی بۆرژوازی.

ئاڵوگۆڕەکانی یۆنان و ئیسپانیا مژدەبەخشی سەرهەڵدانی چەپێکی جیاوازە، چەپێک کە لە شوێنی ئەسڵی سیاسەت و خەبات بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی دایە. بەهەر ئەندازەیەک ئەم چەپە نوێیە بەهیز و پڕئەژمونتر ببێت، ئەو تێڕوانینە مەکتەبی و خەیاڵپڵاوییەی کە چەپی سوننەتی لە کۆمۆنیزم داویەتی بەدەستەوە زیاتر تێکدەشکێت و دوردەکەویتەوە و زەمینەی کارکردن بۆ ئەحزابی کۆمۆنیزمی کریکاریی هاوشێوەی حیزبی ئێمە زۆر لەبارتر ئەبێت، حیزبی ئیمەش بە نۆبەی خۆی دەتوانیت و ئەرکییەتی بە دامەزراندنی پەیوەندی نزیک و بەرگری و هاوکاری لەگەڵ ئەم چەپە ڕادیکاڵ و مەیداندارە زەمینەی ئەم ئاڵوگۆڕە ئومێدبەخشە هەرچی زیاتر و زیاتر فەراهەم بکەین.

 

٩/٢/٢٠١٥

 

وەرگێڕانی لە فارسییەوە کاوە عومەر

پێداچونەوەی هیوا ئەحمەد