هێرش بۆسەر موسڵ و گرنگی و پەیامەکانی!


گفتوگۆی کەناڵ جەدید لەگەڵ حەمید تەقوایی..


کاظم نیکخواە: ئەمرۆ باسێکمان هەیە دەربارەی هێرشی سەربازی کە بۆسەر موسڵ دەستیپێکردوە لە لایەن سوپای عێراق و هێزەکانی پیشمەرگەی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرانسا کە لە ڕێگای هێرشی ئاسمانییەوە بەشدارن. هەروەها دەوترێت دەوڵەتی تورکیاش هێزەکانی بۆ دەوروبەری موسڵ ڕەوانە کروە کە تەنگژەی لە گەڵ حکومەتی عێراقدا بەدوایخۆیدا هێناوە. ئەم ئۆپراسیۆنە ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی لەبارەوە کراوە و لێرەدا دەمانەوێ لەگەڵ حەمیدی تەقوایی لەمبارەیەوە گفتوگۆیەک بکەین. 
حەمیدی تەقوایی بە بۆچونی ئێوە ئەم ئۆپراسیۆنە سەربازیە کە پڕوپاگەندەیکی بەرفراوانی لەبارەوە کراوە چ گرنگییەکی هەیە و تا چەند دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت؟
حەمید تەقوایی: پێموایە گرنگی ئەم هێرشە ڕۆشنە چونکە کاتێک داعش ئەم ناوچانەی داگیرکرد و بە ناونیشانی یەک دەوڵەت خۆی نیشاندا، هۆکارێکی سەرەکی لەبەریەکهەڵوەشاندنی ناوچەکە و ئەو تاوانە بێوێنانە بوو کە هێزە ئیسلامیەکان ئەنجامیانداوە. وە ئەمە تەنها بە عێراق سنوردار نابێتەوە. لە سوریا و لیبیا هێزەکانی داعش لە جوڵدان و پێیان نابێتە هەر شوێنێکەوە جگە لەتاوانکاری و کارەسات هیچیتریان ئەنجام نەداوە. یەکێ لە پێگە هەرەگرنگەکانی داعش شاری موسڵە، وە لە واقعدا ئەوەی مۆڵەت دەدات بە داعش کە خۆی وەک دەوڵەتی ئیسلامی ڕابگەیەنێت لە بنەڕەتدا داگیرکردنی موسڵ و بەڕێوەبردن و سەپاندنی دەسەڵاتیەتی بەسەر ئەم دومین گەورەشارەی عێراقدا. ئەوە بۆماوەی دوو ساڵە ئەم شارە بەدەستی داعشەوەیە. کردەوە سەربازیەکان و جەنگێک کە دەستیپێکردوە ئەگەر بتوانێت بەسەر داعشدا سەربکەوێت و بتوانێت شارەکە بەدەستبهێنێتەوە، کە بە گریمانەیەکی زۆرەوە بەم شێوەیە دەبێت، لەسەر هەلومەرج و هاوسەنگی سیاسی و پێکهاتەی هێزەکانی کە لە ناوچەکەدا لەبەرامبەردا ڕیزیان بەستوە کاریگەری زۆری دەبێت. بەم هۆیەوە تا ڕادەیەک هەموو هیزەکان لەم ئۆپراسیۆنەدا دەرگیر و بەشدارن و هەریک لەوهێزانە هەوڵدەدات بەدەست باڵا پەیداکردن لەم ئۆپراسیۆنەدا لەدوای شکستی داعش لە موسڵ جێگاوڕێگایەکی بەهێزتر پەیدابکات. دەمەوێ ئەوە بڵێم کە بە بونی داعش و بەتایبەتیش دەسەڵاتی بەسەر موسڵدا بە جۆرێک دەتوانیت ئایندەی هێزەکان و هێزهاوسەنگی نێوان ‌هێزە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا ببینیت و بەم پێیەش گرتنەوەی موسڵ لەدەستی داعش ئەم هەلومەرجە هەمووی ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت. 
کاظم نیکخواە: ئاماژەت بە تاوانکاری و کارکردی کارەساتباری داعش لە ماوەی دوو ساڵدا کرد، ئایا ئێوە هێرش بۆسەر داعش و دەرکردنی لە موسڵ بە هەنگاوێکی پۆزەتیڤ لێکدەدەنەوە؟
حەمید تەقوایی: بە بۆچونی من هەر ئاڵوگٶڕێک کە ببێتە هۆی ئەوەی کە موسڵ لەژێر دەستی داعش بێتەدەرەوە ئاڵوگٶڕێکی ئیجابییە، چ لە ڕوی سیاسی و چ لە راوانگەی مرۆییەوە. لە ڕوی سیاسیەوە بەهۆی ئەوەی کە داعش یەک هێزی سەرەکی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئیسلامییە نەک تەنها لە عێراق بەڵکو لە ناوچەکە و هەموو جیهانیشدا. لە دەستدانی موسڵ گورزێکی گەورەیە بەر داعش دەکەوێت. بە بۆچونی من بەگرتنەوەی موسڵ ڕەوەندی ڕوو لە خواری داعش دەستپێدەکات. وە بەم پێێە سەرجەم بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی پاشەکشە دەکات. بەپێی ئەم هۆکارانە شکستی داعش لە موسڵ یەک ئاڵوگۆڕی سیاسی ئیجابییە. لە ڕوی مرۆییەوە بەهەمانشێوە ئاڵوگۆڕێکی گرنگە، وە شایەد بنەمای گرنگی گرتنەوەی موسڵ لەم خاڵەوە بێت. بۆ ماوەی دوو ساڵ داعش تاوانگەلێکی لە موسڵ ئەنجامداوە کە لە مێژودا کەم وێنەن. لە کوشتاری یەزیدیەکانەوە وە بەگشتی هەموو ئەو کەسانەی کەباوەڕیان بە ئیسلامی لە جۆری داعش نییە تا هەلومەرجێکی دژوار کە بۆ ژنانی هێناوەتە ئاراوە - لەوانە جیهادی نیکاحیان بەڕێوەبرد، ژنانیان بە ناونیشانی کەنیزەک و کۆیلەی سێکس دەفرۆشت یان دەیانخەنە ئیختیاری شەڕکەرانی داعش و ژنانێکیش کە مل نەدەن بەمە ئەوا دەستە دەستە لە سێدارەدەدرێن - و تا مل پەڕاندن و بە زیندویی سوتاندنی مرۆڤەکان ئەمانە نمونەگەلێکن لە تاوانکاری و کارەساتەکان کە ئێمە تەنها لە بەشێکیان ئاگادارین. بەڵام هەر ئەم ئەندازەیە لە تاوان نیشاندەری یەکێ لە دڕندەترین کوشتارەکانی مێژوی هاوچەرخە. خەڵکی موسڵ زیاتر لە دوو ساڵە بەمانای وشە لە جەهەنەمێکدا ژیان بەسەر دەبەن و رزگاربونیان لەم جەهەنەمە لە ڕوی مرۆییەوە زۆر گرنگە. لەم ماوەیەدا ژمارەیکی زۆر کوژراون، ژمارەیەکی زۆر لە شار هەڵاتون و ئاوارە بون و ئەوانەشی کە زیندوماونەتەوە و نەیانتوانیوە لە شارکە هەڵبێن لە ژێر جۆرەها فشار و زۆرداریدان. بۆ نمونە ئەو پیاوانەی کە ڕیشیان دەتاشن ڕوبەڕوی شەلاق و لێدان بونەتەوە. ئەم هەلومەرجە کارەساتبار و ترسناکەیە کە زیاتر لە دوو ساڵە خەڵکی موسڵ ڕوبەڕویبونەتەوە. بەبێ دودڵی لە ڕویی مرۆییەوە شکستی داعش بەهەمانشێوە کاریگەری ئیجابی هەیە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی شارەکە.
کاظم نیکخواە: ئەو هێزانەی کە بڕیارە موسڵ ئازاد بکەن، لانی کەم هێزە سەرەکیەکانیان وەکو ئەمریکا و حکومەتی عێراق و دەوڵەتی تورکیا، بەپێی بەڵگە و ئاماژەی زۆر خۆیان بەرهەمهێنەر و دروستکەری داعش بون و هەلومەرج و کەشێکیان هێنایەئاراوە کە ببێتە هۆی شکڵگرتنی داعش. ئێستاش لە نێوان خودی ئەم هێزانەشدا جەنگ و بەرامبەرکێ و کێشمەکێشمێک بونی هەیە کە ڕۆشن نییە چ ئایندەیەک بەخۆیەوە دەگرێت. بۆچونی ئێوە لەم بارەیەوە چیییە؟
حەمید تەقوایی: ئەوە ڕۆشنە کە ئەو هێزانەی کە هێرشیان بۆسەر موسڵ دەستپێکردوە هیچکامیان لەبەر خاتری ئامانجی مرۆیی وە یا بەخاتری ڕزگارکردنی خەڵکی موسڵ نییە. هەریەکەیان ئامانج و سیاسەتگەلێک پەیڕەودەکەن کە تەواوەن کۆنەپەرستانیە. ئەو خاڵەی کە ئاماژەت پێدا بە تەواوی دروستە و ئێمە چەندین جار وتومانە و ڕۆشنمانکردۆتەوە و بەڵگەمان نیشانداوە کە حکومەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە دروستکردنی هێزە ئیسلامیەکان و لەوانەش داعش نەخشیان هەبوە. لە ڕوی سیاسیەوە لە ئاستێکی گشتیدا داعش و هەموو هێزە ئیسلامیەکانی کە ئێستا لە ناوچەیەکی لەبەریەک هەڵوەشاودا کەوتونەتە گیان خەڵک و هەروەها کەوتونەتە گیانی خودی خۆشیان هەمووی ئاکامی هەلومەرجێکە کە لە دوای یانزەی سێپتەمبەرەوە بە هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆسەر ئەفغانستان و عێراق دەستیپێکرد. بەدوای ئەم هێرشە سەربازیەدا ئەم هێزە ئیسلامیانە سەرەتا لە عێراق و دواتریش لە ناوچەکانی تر، لە وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، سەریان بەرزکردەوە و بە پەرچەمی دژی ئەمریکا و شەیتانی گەورە و جۆرێک لە زوڵملێکراوی هاتنە مەیدان. داعش لە زەمینەیەکی لەم جۆرەدا شکڵیگرت. ئەگەر کەمێ بگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو دەبینین تەنانەت لە دروستکردنی تاڵیبان لە ئەفغانستان و هاتنەسەرکاری خومەینی و حکومەتی ئیسلامی لە ئێران دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتیش ئەمریکا نەخشی ڕاستەوخۆیان هەبوە. لە ئێراندا بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ خومەینیان بە ناونیشانی ڕابەری شۆڕش ڕاگەیاند و لە ئەفغانستانیش بۆ ڕوبەڕوبونەوە بە هەژمونی سۆڤیەتی ئەوکات تالیبانیان دروستکرد. دەمەوێ بڵێم کە لە ڕوی مێژوییەوە تەنانەت ڕیشەی سەربەرزکردنەوەی هێزە ئیسلامیەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نەخشەی کە دەوڵەتی ئەمریکا بویەتی لە دروستکردنی پشتێنەیەکی سەوزدا بەدەوری سۆڤیەتدا. دواتر هەم بە هێرشی بوشی باوک و بوشی کوڕ بۆسەر ناوچەکە زەمینەیەک دروست بوو بۆ هاتنەمەیدانی جۆرەها هێزی ئیسلامی. لەم هەلومەرجەدا و لە ئاکامی بۆشاییەکدا هێزێکی وەک داعش شکڵیگرت و گۆڕدرا بە فاکتەرێکی گرنگ لە بلۆکبەندی ناوچەکەدا - لەلایەکەوە عەرەبستانی سعودی و تورکیا و قەتەر وە لە لایەکەی تریشەوە کۆماری ئیسلامی ئێران و سوریا و ڕوسیا -. بەشێوەیەکی تایبەت داعش ئاکامی شکستی میلیتاریزمی ئەمریکا بوو لە ناوچەکە و هەروەها بۆشاییەکی دەسەڵات کەلە ناوچەکەدا هاتە ئاراوە. ئەو هێزانەی کە ئێستا هێرشیان کردۆتە سەر موسڵ هەمویان لە هەلومەرجێکی لەوجۆرەدا هاتونەتەپێشەوە. 
کاظم نیکخواە: هێزی لەم جۆرە چۆن دەتوانن یەک هەنگاوی ئیجابی بە قازانجی مرۆڤایەتی ئەنجام بدەن؟ 
حەمید تەقوایی: سەبەخۆ لەوەی کە ئەم هێزانە ماهیەت و ئامانجیان چییە ئەگەر ئەنجامی کارەکەیان ئەوە بێت کە لە موسڵ پاشەکشە بە داعش بکەن ئەمە بەو دەلیلانەی کە ئاماژەم پێدا ئاڵوگٶڕێکی ئیجابییە. سیاسەت وئامانجی ئەم هێزانە بە دڵنیاییەوە ئازادی خەڵکی موسڵ نییە و خەڵکی ئەم شارە لەدوای چونەدەرەوەی داعش یەک کۆمەڵگای ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەرانیان نابێت. گومانێک لەمەدا نییە. تەنانەت لەوانەیە جەنگی دیکە لە نێوان هێزە سەرکەوتوەکان بەسەر داعشدا لەسەر دەسەڵاتدارەتیان بەسەر موسڵدا ڕوبدات و بە گریمانەیەکی زۆرەوە بەمشێوەیە دەبێت. گرتنەوەی موسڵ لە دەستی داعش تەنانەت بە مانای کۆتایهاتنی جەنگ نییە لە نێون ئەم هێزانەدا. تازە دەورەیەکی نوێ لە جەنگ و کێشمەکێشم دەستپێدەکات. بەڵام باس لەسەر ئەمە نییە. مەسەلەکە ئەوەیە کە هەر ئەمڕۆ ئەم جەنگ و کێشمەکێشمە هەیە و دەیبینین. بەو جۆرە نییە کە گوایا بە هێرش بۆسەر موسڵ ئەم هێزانە هاتونەتە پێشەوە و لەبەرامبەر یەکتردا قەراریانگرتوە. بانگەشەکانی کە حکومەتی تورکیا دەیکات، ڕیزبەندیەک کە عەرەبستانی سعودی و کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرامبەر یەکتردا هەیانە، جەنگێک کە لە نێوان ئیسلامی شیعی و سونیدا بەرپابووە، جەنگێک کە داعش لە سوریا دەرگیریەتی ئەم فاکتەرانە هەمویان هەر ئێستا لە ناوچەکەدا بونیان هەیە. جیاوازی هەلومەرجی ئەمڕۆ لەگەڵ هەلومەرجی دوای شکستی داعش لە موسڵ ئەوەیە کە خەڵکی موسڵ چیتر لە جەهەنمێکدا ناژین کە دوو ساڵە تاقیدەکەندوە. لەوانەیە هێزی ئیسلامی دیکە بێنە پێشەوە. لەوانەیە دەرگیری لە نێوان تورکیا و حکومەتی عێراقدا پەرە بسینێت. بەڵام ئەمە مەسەلە و کێشمەکیشمێکی تازە نییە. هەلومەرجێکی لەم جۆرە هەر ئەمڕۆ بونی هەیە. ناوچەکە لە گڕی ئەم درگیریانەدا دەسوتێت و لە دڵی ئەم هەلومەرجەدا وە بەمپێیە زیاتر لە یەک ملێۆن کەس لە یەک شاری ژێر دەستی دڕندەترین هێزێک کە میژوی هاوچەرخ بەخۆیەوە بینیوە خەریکن هەر رۆژە جەهەنەمێک تاقیدەکەنەوە. کۆتایهێنان بەم جەهەنمە بەهۆی هەر هێزێکەوە بێت ئاڵوگۆڕێکی ئیجابییە.
لە ڕوی سیاسیەوە هەر بەوشێوەیەی کە وتم گرتنەوەی موسڵ گورزێکی کوشندەیە لە یەکێ لە تاوانبارترین هێزە ئیسلامیەکان. بە بۆچونی من داعش دوای لەدەستدانی موسڵ نەک هەر جێگاوڕێگای پێشوتری ناماێنێت بەڵکو بە خێرایی دەگۆڕێت بۆ هێزێک کە لانی زۆر کردەوەی زیانبەخشی تیرۆریستی ئەنجام دەدات وەکو قاعیدە و هێزە ئیسلامیەکانی تر. گرنگ ئەوەیە کە پەرچەمی دەوڵەتی ئیسلامی دەشکێنێت و دەیخاتە کەنارەوە. گەرچی هێزەکانی هێرشبەر بۆسەر موسڵ ئامانجی کۆنەپەرستانەیان هەیە بەڵام ئەمرۆ ئەگەر ئێوە بۆچونی هەرکەسێک کە لە موسڵ لە ژێر دەسەڵاتی جەهەنەمی داعشدا ژیان دەکات سەبارەت بە هێرشی ئەم هێزانە بۆ دەرپەڕاندنی داعش لە شار بپرسی ئەم کارەی ئەوان تەئید دەکات. ئەوەی کە دواتر چی دەبێت مەسەلەیەکە کە دواتر دەبێت بەرخوردی پێبکرێت. هیچ کەسێک ناتوانێت بڵێت لێگەڕێ با داعش لە موسڵ بە تاوانکاریەکانی درێژە بدات چونکە ئەوانی تر هەر کۆنەپەرستن! ئەم لۆجیکە هیچ مانایەکی نییە. 
مۆڵەت بدە یەک خاڵی تر باس بکەم. ئەوە دروستە کە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا هەموو دەوڵەتانی ڕۆژئاوا هۆکار بون بۆ ئەوەی هێزی لە جۆری داعش سەربەرزبکەنەوە بەڵام تاوانکاری هەر هێزێک لە پای خۆی دەنوسرێت. لە هاتنەسەرکاری خومەینی هەم دەوڵەتانی ڕۆژئاوا نەخشی زۆریان هەبوو، بابەت و بڕیارەکانی کۆنفرانسی گوادولۆپ هەموو دەزانین، لە دوای ئەو کۆنفرانسە و دوای ڕێککەوتنیان، دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپایەکانی نەخشی زۆر چالاکیان هەبوو لەوەی کە خومەینی قەبە بکەن و بە ناونیشانی شۆڕشگێڕترین پیاوی دنیا بە خەڵکی ئێرانی بفرۆشن و ئەو بەڵایە بەسەر سەری شۆڕشی ١٩٧٩ دا بهێنن کە هەموو دەیزانین. بەڵام هەر کەسێک تەنانەت ئەگەر کەمێک بە سیاسەت ئاشنا بێت و لۆجیکیانە بیربکاتەوە ناتوانێت تاوانەکانی خومەینی و کۆماری ئیسلامی بە پای دەوڵەتی ئەمریکا و کۆنفرانسی گوادۆلۆپ بنوسێتەوە. دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی لە بەدەسەڵاتگەیاندنی کۆماری ئیسلامی نەخشیان هەبوو بەڵام تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی تاوانکاری خودی خۆیەتی. تاوانکاری داعش بەهەمانشێوە تاوانکاری داعش خۆیەتی. داعش یەکێ لە تاوانکارترین ئەو هێزانەیە کە دنیا بەخۆیەوە دیوە و هەر هێزێک بە هەر نەخشێك کە لە شکڵگیری داعشدا هەیبوە ئەگەر ئێستا دەستی داعش لە موسڵدا ببڕێت سەربەخۆ لەوەی کە بە چ ئامانجێک ئەو کارە دەکات کارێکی ئیجابی ئەنجام دەدات. 
کاظم نیکخواە: هەمان ئەو هێزانەی کە ئاماژەت پێدان وەک تورکیا و ڕوسیا و ئەمریکا و عێراق و کۆماری ئیسلامی سەرئەنجام لە ملمملانێکانیاندا ڕێکخراوەکانی وەک داعش و حەشدی شەعبی کە ئەمیش هەر وەک هێزی داعشە و سونییەکان دەکوژێت دروستکرد و پشتیوانیان لێدەکەن. مەبەستی من ئەوەیە بەهەمانشێوە کە خۆتان ئاماژەتان پێدا هەر ئێستا ئێمە شاهیدی کێشمەکێشمی ئەمانەیان لە ناوخۆیاندا : ململانێی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی و لە لایەکی ترەوە عەرەبستانی سعودی و هەروەها لە لایەکی ترەوە ڕوسیا و ئەمریکا و ئەوانی تر. دەکرێ پێشبینی ئەوە بکرێت کە لەناو جەرگەی ئەم کێشمەکێشم و ململانێیانەدا هێزێکی تری وەک داعش دروست بکەن ئەگەر داعش بەپێوە نەما. پرسیار ئەوەیە کە پێویستە چ کارێک بکرێت؟ خەڵک دەتوانن چی بکەن؟ کاتێک داعش لە موسڵ دەکرێتە دەرەوە و فەزایەکی ئارامتر لە ناوچەکە هاتە ئاراوە و هەلومەرجێکی لەبارتر دروست بوو. 
حەمید تەقوایی: ئەو مەسەلەیەی کە خەڵک چۆن دەتوانن ڕزگاریان بێت و دەتوانن شەڕی ئەم هێزانە بەسەر سەریانەوە کەم بکەنەوە کاری خودی خەڵک خۆیەتی. ئەمە بە دیبلۆماسیەت و جەنگ و هێزهاوسەنگی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە وە یان رۆژئاوا و ڕوسیا و ئەمریکا و ئەوانی تر ناتوانرێت بەدەستبهێنرێت. تا کاتێک کارەکە بەدەستی ئەم دەوڵەت وهێزانە بێت و ئەمانە شکڵ بە سیاسەتی ناوچەکە بدەن و دەچنە ناو بلۆکبەندیە جیاوازەکانەوە و ئەمیان لەدەستەیەک هێزی ئیسلامی پشتیوانی دەکات و ئەوی تریان لە دەستەیەکی تر، بارودۆخەکە لەمە باشتر نابێت و وە تەنانەت خراپتریش دەبێت. بەمپێە لە کۆتایدا رێگاچارە ئەوە نییە کە ببینین چ هاوپەیمانیەتیەک لەسەر سەری خەڵکەوە شکڵدەگرێت و ئایا ڕوسیا سەرکەوێت باشترە یان ئەمریکا وە یان ئەسەد بمێنێتەوە باشترە یان بڕوات. ڕیگاچارەی کۆتایی ئەمانە نییە. لەم چوارچێوەیەدا کاتێک رزگارکردنی موسڵ لە ژێردەستی داعشدا بە یەک هەنگاوی ئیجابی دادەنێن ئەمە بە بەراورد بە بارودۆخی ئەمرۆیە نەک بەو مانایەی کە خەڵکی موسڵ ئازاد دەبن وە یان دەستی مەزهەب لە موسڵ دەبڕدرێت. هێزی ئیسلامی تر دێنەپێشەوە وە بە وتەی ئێوە ئەم هێزهاوسەنگی و پەیوەندیانە لەوانیە داعشی تر دروست بکەن. هەموو ئەمانە مومکنن. لەبەرامبەر ئەم هەلومەرجەدا لە کۆتایدا ڕێگەچارە شکڵگرتن و چالاکبونی بزوتنەوە مەدەنیە چەپ و ئازادیخوازەکانن کە جەماوەری خەڵک بتوانن لە ناویاند دەور ونەخشیان بگێرن. نمونەی ئەم بزوتنەوانە خۆشبەختانە دەبینین . هەر لەو عێراقەدا لە ساڵی ڕابردودا بزوتنەوەیەکی تا ڕادەیەک بەرفراون شکڵی گرت بە دروشمی "نە شیعی نە سونی وە بە خواستی یەک کۆمەڵگای مەدەنی و حکومەتی سکولاریستی" و ئەم دروشمە بە فروانی لە شەقامەکاندا دەوترایەوە. یان لە کوردستانی عێراقدا بزوتنەوەیەکی بەرفراوان شکڵیگرتوە لە پێناو ڕزگاربونیان لە شەڕی هێزە ناسیونالیستە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و هێزەکانی هەرێـمی کوردستان کە دەستێکیان لە دەستی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەدایە، بەشێکیان لە دەوڵەتی تورکیا نزیکن و بەشێکی تریشیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران. خەڵکی کوردستانی عێراق هاتنە مەیدان و دەڵێن ئەوانەمان ناوێت. یان ئەو ئاڵوگٶڕانەی کە لە کوردستانی سوریا ڕویاندا، کانتۆنەکانی ئەو ناوچەیە و دەورو نەخشێک کە خەڵکی کۆبانی لە پاشەکشەکردن بە داعش نواندیان و بەیانامە ویاسای مەدەنی کە لەوانە لە پەیوەند بە مافی ژنان و لابردنی یاسا ئیسلامیەکان لەم پەیوەندەدا لە کانتۆنی جەزیرە ڕاگەیەنرا. یان نمونەی ئەفغانستان کە ژنان دژ بە یاساکانی دژی ژن و جیاوازیە ڕەگەزیەکان هەتنە مەیدان. هەروەها ئێران کە هەم جێگاو ڕێگای خۆی دیارە . بزوتنەوەیەکی بەرفراوان دژ بە ئیسلام و ئیسلامیزم و دژ بە کۆماری ئیسلامی ماوەیەکی زۆرە لە ئێران شکڵیگرتوە و لە ئارادایە. ئەم بزوتنەوانە ئەو تروسکە و کڵاوڕۆژنە ئومێدبەخشانەن بەرەو ئایندە، بەرەو ئازادی و ڕزگاری. هێزی سیاسی وەک حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و هێزە مۆدێرن و شۆڕشگێرەکان کە دەیانەوێ کۆتایی بەم بارودۆخە بهێنن دەبێت و پێویستە حیساب لەسەر ئەم بزوتنەوە و جوڵانەوە ناڕەزایەتیانەی خەڵک بکەن و ئەوانە ڕێکخراو بکەن. لە لایەکی ترەوە فاکتەرێکی گرنگی ترلەسەر ئاستی جیهانی هەڵخڕاندنی خەڵکی شەرافەدمەندی جیهان و بیروڕای گشتی وە هەڵخڕاندنی هێزە مۆدێرن و چەپ و سکیۆلار و ئازادیخوازەکانی دنیایە بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی وڵاتانی ئیسلامزەدە و ناڕەزایەتی دەربڕین بە سیاسەتێک کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی دەیبەنەپێشەوە و بۆتە هۆی شکڵگرتنی جڕوجانەوەری وەک داعش و هەموو هێزە ئیسلامیەکان. چ لەسەر ئاستی ناوچەکە و لە خودی عێراق و دەوڵەتانی ئیسلامزەدە دا وە چ لە سەر ئاستی جیهانی پێویستە حیساب بکرێت لەسەر هێزە ئازادیخواز و مەدەنی و خوازیارانی خۆشگوزەرانی و یەکسانی، کە دەتوانی بڵێیت زۆرینەی خەڵکی جیهان - نەوەد و نۆ لە سەدیەکان - بەمشیوەیەن، پێویستە ئەمانە هەڵبخڕێنرێن و ڕێکخراو بکرێن. پێویستە لە بەرامبەر دەوڵەتەکان و هێزە ئیسلامەیەکان و پشتیوانیکەرانیاندا ئەم هێزە بێتە مەیدان. دەزانیت کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی هێزە ئیسلامیەکان بە باش و خراپ دابەش دەکەن بۆ نمونە حکومەتێکی وەک عەرەبستانی سعودی کە لە سیاسەتە ناوخۆییەکانیدا لە داعش کەمتری نەکردوە لە ڕوانگەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە بە بەشێک لە هێزە ئیسلامییە "میانەڕەوە" کان ئەژمار دەکرێت! ئەم جۆرە کلکایەتیکردنە بۆ هێزە ئیسلامیەکان پێویستە لەسەر خەڵکی جیهان کە قبوڵی نەکەن و لەبەرامبەریدا بوەستنەوە. هێزی ئیسلامی باش و خراپ نییە. پێویستە شەڕی هەموو ئەوانە بە سەر سەری خەڵکەوە کەمبکرێتەوە. لەپەیوەند بە هەلومەرجی ئەمڕۆی عێراق بە بۆچونی من چالاکبونی ئەم هێزانە و بزوتنەوە مەدەنیەکان یەکلاکەرەوەیە وە من ئومێدەوارم کە بە ڕزگارکردنی موسڵ لەژێر دەستی داعش و لاوازبونی داعش ئەم بزوتنەوە سکۆلاریستی ودژی ئیسلامییە دەروازەیەکی باشتر لە پێناو پێشڕەویکردنیدا پەیدابکات. هەر گورزێک کە کۆنەپەرستی بیخوات، تەنانەت ئەگەر کۆنەپەرستان خۆیان گورز لەیەکتر بوەشێنن، بە قازانجی خەڵک و هێزە شۆڕشگێڕەکانە - وەکو کاتێک دەوڵەتی تزاری ڕوسیا لە شەڕی جیهانی یەکەمدا لاواز بوو وە زەمینەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر فەراهەم بوو - ئەمرۆ لە جەنگی نێوان کۆنەپەرستاندا دەروازەیەک دەکرێتەوە بۆ ئەوەی هێزە چەپ و مەدەنیەکان بێنەپێشەوە وە من ئومێدەوارم کە بە بەرکەوتنی گورز بە داعش لە موسڵ ئەو ئیمکانە پەیدا ببێت کە هێزە چەپ و مەدەنیەکا زیاتر خۆیان بنوێنن. 
کاظم نیکخواە: ئێووە ئاماژەتان کرد بە ئامانجی دەوڵەتان و ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت بەم هێرشە داعش پاشەکشە پێبکەن، وەکو دەوڵەتی ئەمریکا و تورکیا و ڕەوتە ناسیونالیستی و ئیسلامیەکان. هەندێ ڕەوتی سیاسی هەن کە بەهەمان دەلیل هێرش بۆ سەر موسڵ سەرکۆنە دەکەن، بۆچونتان لەو پەیوەندەدا چییە؟
حەمید تەقوایی: بە بۆچونی من کەسێک کە هێرش بۆسەر موسڵ مەحکوم بکات بەشێکە لەو گروپە پەراوێزیانەی کە خۆیان بە "دژە ئیمپریالیست" دەزانن و تەوەر و تایبەتمەندی سیاسیان دژایەتیکردنی ئەمریکایە، هاوشێوەی دژە ئەمریکایی کۆماری ئیسلامی. ئەمانە کە لەم مەسەلەیەدا زۆر هاوڕا و پەیگیرن لە کۆتایدا، وەکو ڕێکخراوی ئێس دەبلیو پی لە بەریتانیا، دەگەن بە بەرگریکردن لە حەسەن نەصروڵا وە یان بەرگریکردن لە ئەحمەدی نەژاد و چەندین جار شاهیدی ئەم هەڵوێستگیریانە بوین لە لایەن ئەم "دژە ئەمریکایانەوە". بە بۆچونی من ڕیشەی ئەم هڵوێستگیریانەیان سەبارەت بە هێرش بۆسەر موسڵ نزیکایەتیانە بە دژە ئەمریکایی هێزە ئیسلامیەکان. ئەگەرلە سەر شەقام بۆچونی هەر مرۆڤێکی ئاسایی سەبارەت بە گرتنەوەی موسڵ بپرسیت پێت دەڵێت کە بەم هەنگاوە خۆشحاڵە چونکە دەزانێت خەڵکی موسڵ لە چ جەهەنەمێکدا ژیان بەسەر دەبەن. یەک بیانوی ئەم چەپە حاشیەیانە ئەوەیە کە دواتر لەوانیە بارودۆخ خراپتر ببێت. لەوانیە ببێت و لەوانەشە نەبێت بەڵام ناکرێ بە خاتری گریمانەکانی دواتر مل بدرێت بە هێزێکی تاوانکاری وەکو داعش. لە کۆتایدا مانای ئەم مەسەلەیە ئەوەیە کە لێگەڕێ داعش لە موسڵدا کاری خۆی بکات. ئەمەش بەو مەسەلە تەواو زهنیگەریەوە کە گوایا خەڵک دەبێ بێنە مەیدان و دژی داعش ڕاپەڕین بکەن. باشە ئێمە دەزانین کە لە ئێستادا هەلومەرجێکی لەو جۆرە بونی نییە و بە تایبەتیش ئەو هێزانەی کە ئەم مەسەلە زهنیگەریانە باس دەکەن بچوکترین دەخالەت و کاریگەریان لە سەر هەر ئەو بزوتنەوە و جوڵانەوە ناڕەزایەتیانەی کە ئاماژەم پێدان نییە. هەرکەسێک سەروکاری ڕیکخستنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بێت باش دەزانێت کە لە موسڵی بە بێ داعشدا خەڵک و ‌هێزە جەماوەریەکان شانس و هەلی زیاتر و یارمەتیدەری باشتریان دەبێت بۆ ناڕەزایەتی دەربرین و خۆنیشاندان وەک لە موسڵی ژێر دەسەڵاتی داعشدا. هەروەک لەساڵی ڕابردودا لە کاتێکدا تیرۆر و تۆقاندن لە موسڵدا بێدادی دەکرد لە بەغداد و سەرجەم شارەکانی تری عێراقدا بزوتنەوەی سکۆلاریستی پێیگرت و بە دروشمی " نە شیعی نە سونی کۆمەڵگایەکی مەدەنی" هاتە ناو شەقامەکانەوە. 
هەندێک لەم هێزانە لە مەسەلەی ئاشتیخوازیەوە نەیاری خۆیان بە هێرش بۆسەر موسڵ ڕادەگەیەنن و خوازیاری وەستاندنی شەڕن، گویا لە دوو ساڵی ڕابردودا لە موسڵ ئاشتی وئارامی بەرقەرار بوە! ئەم مەسەلەیە بەکردەوە جگە لە پاراستنی دەسەڵاتی داعش و ویڵکردنی جەماوەری خەڵک لە جەهەنمێکدا کە داعش دروستیکردوە هیچ مانایەکی تری نییە. بەهەر حاڵ ئەم جۆرە هەڵویستگیریانە لەپەیوەند بە دنیای واقعی و ئاڵوگۆری سیاسی جیهان زۆر بێ پێوەندن و تەنها نیشانەی زهنیگەرایی، وە دوری و بەپەراوێزبونی خاوەنەکانیانە لە سیاسەت و ژیانی واقعی خەڵکدا. 
٢٠/١٠/٢٠١٦
وەرگێڕانی لە فارسیەوە: هیوا ئەحمەد