چ پەیوەندیەک لە نیوان ئازادی بێقەید و مەرجی بیروباوەڕو ڕەخنە لە بیروباوەڕی مەزهەبی بونی هەیە؟ ئایا ئەمانە لەگەڵ یەکدا ناکۆک نین؟

 

حەمید تەقوایی: ئازادی بێقەید و مەرجی بیروباوەڕ تا ئەو ڕادەیە بۆ ئێمە گرنگە کە خەبات لە دژی مەزهەب وەک یەک بیروباوەڕهەیەتی. سەیرکەن ئازادی بێ قەیدو مەرج لە مێژودا کاتێک هاتوەتە مەیدان کە ئاتەئیستەکان ویستیان بە ئاشکرا ڕەخنە لە خوداو مەزهەب بگرن و ڕەتیبکەنەوە. ئەگینا ئاخوندەکان و ئایندارەکان بەدرێژایی تەمەنیان ئازاد بون، قسەی خۆیان کردوە، لە پاپای فاتیکانەوە بیگرە تا کڵێسای ئەرتۆدۆکس تا یەهودیەکان و بوزیەکان و ئەوانی تر بە پیرۆزیەکانیان دنیایان لەسەر سەری خۆیانداناوە. تەواوی  بیرو هۆشی خەڵکیان ژەهراوی کردوە و هەمیشە هەر ئازاد بوون و هەمیشە پیرۆزیش بوون، بەردەوام دەمارگیر و دوگم بون وهەمیشەش دەوڵەتەکان و میدیاکان وفەرهەنگی فەرمیش بەرگری لێکردون. چینی کرێکار کاتێک ئەڵیت ئازادی بێ قەید ومەرجی بیروڕا  لەبەرئەوەیە کە دژە ئاینەکانیش بتوانن قسەی خۆیان بکەن. ئازادی بێ قەیدو مەرج لە ڕویی میژوییەوە بەکردەوە واتە ئازادی خەباتکردن لە دژی مەزهەب، واتە ئازادبونی دژە ئاین بون، وەئەگەرنا  ئەوانەی تر هەمویان هەر هەبون. خۆ باسی ئازادی ڕادەربڕین سەبارەت بە ئاو هەوا نەبووە! یان سەبارەت بەمەسەلەی  پیرۆزنەبون  وتاپۆ نەبون نەبوە. ئازادی سەبارەت بەو بابەتانە هەمیشە هەبووە .کێشەکە لەبنەڕەتدا سەبارەت بە ڕەخنەگرتنە لە ئاین. منی ئاتەئیست و دژی ئاینیان هەمیشە سوتاندوە، زمانیان بڕیوم وە لە داگای "پشکنینی بیروباوەڕ" دا لە داردراوم لەبەر ئەوەی کە بۆ نمونە وتومە زەوی بەدەوری خۆردا ئەسوڕێتەوە! ئەوەشی کە باوەڕی بە پێچەوانەی بابەتەکە بووە بۆئەوە بوە کە ویستویەتی پاپای فاتیکان و مەسیحیەت وەک ناوەندی جیهان بمێننەوە و بڕیاربدەن کە من بەزیندویی بسوتێنن!

خودی ئازادی بێ قەید ومەرجی بیروباوەڕ لە بەرژەوەندی کۆمۆنیستەکاندایە. لیرەدا ئیتر بزوتنەوەی ئێوە ئیجابییە و ئەبێت بڕۆی ڕەخنە لە بیروباوەڕێک وەک یەک بیروباوەر بگری و بێبەهای بکەیت، ڕێگاکەی ئەوە نییە کە ئەو قەدەغە بکەیت ! ڕێگاکەی ئەوەیە خۆتان ئازاد بکەن، ئەوە ئێوە بون کە ئازاد نەبون نەک ئەو! ئەگەر ڕاستی لای ئێوەیە وە ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بەدەستی ئێوەوەیە، ئەرکتانە وبەرپرسن لەوەی کە هەموان ئازاد بکەن. لە بەرژەوەندیتانە کە هەموان ئازاد بکەن.هاوڕێ یەکمان ئەیوت ئایا  ڕێگا ئەدەین کە قورئان چاپ بکەن؟ ئاشکرایە کە ڕێگا ئەدەین چاپی بکەن. هەرچەندە لەناو قورئاندا بێڕێزیش بەزۆر کەس کراوە، بەڵام ئەبێ ڕێگا بدەین چاپی بکەن. بنەمای ئازادی بێ قەیدو مەرجی بیروباوەڕو دەربڕین- دەربڕین بەمانای گشتی ووشەکە واتە خۆنمایشکردن (ئێکسپرێشن) وە نەک تەنها قسەکردن واتە تۆ ئەبێت بتوانیت نمایش بکەیەت وە بتوانیت کۆمدیا بنوسیت وە فلیم دروست بکەیت و کتێب و ڕۆمان بنوسیت. مەزهەبیەکان کە ئێمەیان سەرکوت کردوە، لە ڕۆمانەکاندا هەن. لە سینەمادا هەن. لە شانۆدا هەن وە لە هەمو شوێنێکدا هەن. ئەوە ئێمەین کە ڕێگایان پێنەداوین لە شوێنێکدا هەبین! ئەگەر ئەو ئازادیەمان هەبێت و ئەو کاتە لە سەدا بیستی مەیدانەکە بدەن بە ئێمە ئەوە سەد دەرسەدەکەی لە دەستیان دەرئەهێنین! بەڵام نەک بە دەوڵەت و بەقانون، بەڵکو بەبەڕەسمیەت ناسینی ئازادی هەموان! بەبەڕەسمی ناسینی ئازادی بێقەید ومەرجی بیروباوەڕ. تۆ وەرە قسە بکە منیش دێم قسە دەکەم. جیاوازی کۆمەڵگای سوشیالیستی ئەوەیە کە کتێبێکی وەک کتێبەکەی سەلمان ڕوشدی بەلێشاو ئەنوسن وبڵاوی ئەکەنەوە وئەیخوێنەوە. ڕاستەوخۆ کۆمیدیکارانیک پەیدا ئەبن کە محمد لە دراویکدا دروست ئەکەن وحەسەن و حسێنیش لە دراوێکی تردا. هەر لەو ڕۆژەدا کە دەوڵەتی سۆسیالیستی موڵەت بە گێڕانی مەراسیمی تاسوعا وعاشورا دەدات لە هەمان ڕۆژ یان ڕۆژی دواتر لەهەمان شاردا کەرەنەڤاڵی هاوڕەگەزبازەکان بەرپا دەکات. ئەبێت بەم شێوەیە مامەڵە بکرێت چونکە تا ئێستا ئازادی منیان زەوتکردوە و ڕێگایان نەداوە  قسە بکەم. سەیرکەن ئەوان ئازادن کە بێن نمایشی پرسەی مەزهەبی خۆیان بکەن، زۆر باشە ئەتەوێت گریان بکەیت وەرە بگری، ئیستا دەکرێت  ژمارەیەک لە ناو شەقامدا بگرین وە ژمارەیەکی تر پێبکەنن، باشە ئەو کاتە ڕیگا بدە با ببینین خەڵک کامیان هەڵدەبژێرێت. ئایا تۆ پێتوایە  ئەگەر من کەرنەڤاڵێکی وەک ئەوەی کۆمەڵگای بەرازیل بەڕێبخەم خەڵک دەڕۆن بۆ پرسە؟

ئەمەوێت بڵێم  کە ئەگەر ئەتەوێت مەزهەب لەکاربکەوێت ئەوە ڕێگاکەی ئەوەیە کە ئاتەئیستەکان ئازادبکەیت، زانست ئازاد بکەیت، مۆسیقاو سەما وخۆشی ئازاد بکەیت، ڕاستی ئازاد بکەیت، وە ئەو کاتە بیروباوەڕو دەربڕین "ئێکسپریشن" بۆ هەموان ولەناوشیاندا ئایندارەکان ئازاد بکەیت، ئەو کاتە ئەبینیت کە چۆن مەزهەب ئەبێتە دوکەڵ!

بەرخوردی یاسایی لەگەڵ ئاین بە ناونیشانی یەک بێروباوەڕ وەک ژەهر وایە. نەک تەنها لە ڕوی تاکتیکیەوە دروست نییە بەڵکو لە ڕوی ئامانج وستراتیجیشەوە دروست نییە. کۆمەڵگایەک کە بەو شێوەیە بێت ئازاد نیە. کۆمەڵگای ئازاد کۆمەڵگایەک نیە کە خەڵکانێک کە وابیردەکەنەوە کە خودایەک هەبێت لە ترسا ناوی نەبەن چونکە شەو پاسەوان (حەسحەس) ئەیانگرێت! کۆمەڵگای ئازاد کۆمەڵگایەکە کە لە بنەڕەتدا کەسێک وابیرناکاتەوە کە خودایەک هەبێت. گەشت ئازادە بەڵام کەس ناچێت بۆ حەج. تۆ ئازادیت کە بۆ ئیمامی حسێنت یا هەرچیەکی تر کە باوەڕت پێی هەیە گریان وشیوەن بکەیت بەڵام کەس بەدەورتدا کۆنابێتەوە. بە بۆچونی من کاتێک ئێمە دەلێین مەزهەب بە ناونیشانی یەک بیروباوەڕ ئازادە پێویستیشە بە ناونیشانی یەک بیروباوەڕ ڕوبەڕوی ئەو ببیتەوە، وە بۆ ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ بیروباوەڕێکدا تۆ ئازادیت و ئەرکتانە و رێگاکەی ئەوەیە کە خەباتی هزری (فکری) لەگەڵدا بکەیت نەهیچ خەباتێکی تر. وە پێویستە هەرئەمرۆ ئەمە بە کۆمەڵگا بوترێت.

سەیرکەن ، تەنها ئاتەئیستەکان دەتوانن ئازادی بۆ ئاینیش بهێنن، ئازادی بدەن بە مەزهەب، وە ئازادی  ویژدان و ئازادی ئاکار بدەن بە کۆمەڵگا هەروەها ئازادی دەربڕین لە دونیا بەهەر شیوەیەک و هەرکەس چۆن پێیخۆشە. لەوانەیە کەسێک وا بیربکاتەوە کە گۆی زەوی درێژە وە یەکێکی تر وا بیربکاتەوەکە پانە وە یەکێکی تر پێی وابێت لە شێوەی سێگۆشەیەدایە! لێبگەڕێ با هەرچی ئەتوانن  بیڵێن وبیربکەنەوە. ئەگەر شتیک خورافەیە وە ئەگەر شتێک ڕاست نیە بەدڵنیایەوە ئەوکاتە کەس ناچێ بەلایدا. کۆمەڵگای ئینسانی کۆمەڵگایەکە ئەوە  زامندەکات کە تۆ ئازادیت هەر تێڕوانیکت سەبارەت بە ژیان وجیهان و هەرچیەکی تر هەبێت و پڕوپاگەندەی بۆ بکەیت.

لەکوێدا مەسەلەکە سیاسی ئەبێتەوە؟ لەکوێدا کۆمەڵایەتی ئەبێتەوە؟ کاتێک کە مەزهەبیەکان وباوەڕدارەکان لەگەڵ خورافاتەکانی تردا بیانەوێت لەسەر بنەمای بیروباوەڕەکانیان لە ژیانی ئەوانی تردا دەخالەت بکەن. لێرەدا ئەبێت بە هێزی یاساو دەوڵەت لە بەرامبەریاندا بوەستین. کاریشمان بەوە نیە کە کام ئاخوند وقەشە و سەرچاوەیەک وتویەتی کە وابکەن، ئەگەر کارەکانتان لەگەڵ مافی خەڵک ولەگەڵ یاساکانی کۆماری سۆشیالیستیدا ناکۆکە ڕیگاتان پێنادەین. بەڵام لە چوارچێوەی بیروباوەڕو بۆچون و دەربڕینی بۆچون پەیوەندی بەدەوڵەتەوە نیە وە ئەگەر قسەی کەسێک ئەوە بێت کە سوکایەتی و بێڕێزی بە پیرۆزیەکانی کراوە وەڵامەکەی ئەوەیە کە ئێمە ئازادی بیروڕامان هەیە و پیرۆزیەکانمان نیە، لەلایەن هیچ کەسێکەوە. نە ئاتەئیسزم پیرۆزە بۆ ئێمە وە نە خوداپەرستی. پیرۆزیەکانمان نیە. هەموان ئازادین کە بێین و لەبەرچاوی کۆمەڵگەدا گفتوگۆ بکەین وسەیربکەین بزانین کێ باوەڕ بەکێ دەهێنێت.

وەرگێڕانی لە فارسیەوە :کاوە عومەر.

هاوڕێ هیوا ئەحمەد ییداچوتەوە